ئه‌مه‌ریكا: دابەشبوونی عێراق پەیوەندی بە عێراقییەكانەوە ھەیە

"ئاماده‌كاری بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌كه‌ین"

K24 - هه‌ولێر:

تۆنی بلینكین، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا، بڕی ئه‌و هاوكارییه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ عێراقیداوه‌ و رایگه‌یاند، به‌ بڕی 10 ملیار دۆلار هاوكاری عێراق كراوه‌ و پێویسته‌ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش هاوكاری ئاواره‌كان بكرێت.

بلينكن باسی لە ئەگەرەكانی دابەشبوونی عێڕاق كرد و ئەوەی دووپاتكردەوە، كە سەرەڕای ئەوەی ئەوان دەیانەوێت عێراق بە یەكگرتوویی و فیدڕاڵی بمێنێتەوە، بەڵام پرسی دابەشبوونی عێراق پەیوەندی بە عێراقییەكانەوە ھەیە و ئەوە خۆیان ئەو بڕیارە دەدەن. گوتیشی: "ئەمریكا خوازیارە لەم قۆناغە ھەمووان لە دژی داعش ھەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە".

له‌ باره‌ی ناوچە "كورستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم" دوا و گوتی: "داھاتووی ئەو (ناوچە كێشە لەسەرانە) لەسەر بڕیاڕی عێڕاقییەكان خۆیان دەوەستێت و ئەمریكا خوازیارە بە پێی دەستوور و یاسا ئەو كێشەو پرسانە یەكلایی بكرێنەوە لە تەواوی بناوچە كێشە لەسەرەكان بە موسڵیشەوە".

تۆنی بلینكین ئاشكراشیكرد كه‌ سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه‌كانن بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی خه‌ڵكێكی زۆری ناوچه‌كه‌ ئاواره‌بن.

له‌ باره‌ی قۆناخی دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ و ئیداره‌كردنی شاره‌كه‌، تۆنی بلینكن دووپاتیكرده‌وه‌، پێویسته‌ رێككه‌وتنێكی پێشوه‌خته‌ هه‌بێت و متمانه‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و ته‌واوی پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ دڵنیایی بكرێنه‌وه‌.

باسی لە دۆخی سووریا كرد و رایگەیاند، كە ئه‌مه‌ریكا و ھاوپەیمانان جەخت لە كۆتایيپێھێنانی جەنگی ناوخۆیی سووریا دەكەنەوە لەم قۆناغەدا، بۆ ئەوەی ھەمووان زیاتر گرنگی بە تێكشكاندنی داعش بده‌ن، لەبڕی ئه‌وه‌ی رووبەرووی یەكتر ببنەوە.