ئێران له رووسیاوه ناڕهزایی له دژی ریفراندۆمی كوردستان دهردهبڕێت
دهبێت مافهكانی كورد لهو وڵاتانهی تێیاندا دهژیت دهستهبهر بكرێن
K24 - مۆسكۆ:
لە كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا، کە لە شاری مۆسکۆ بەڕێوەچوو و کوردستان 24 ئامادەی بوو، حوسێن جابر ئەنساری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگهیاند، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەبێتە مایەی ناسەقامگیریی و رێگه بۆ شهڕوپێكدادان له ناوچهكه خۆشدەکات.
ئهنساری دهڵێت: "دەزانن، تا ئەو جێیەی ئێمە ئاگادارین لە ھەرێمی کوردستان پاش چەند مانگێک رێفراندۆم ئەنجامنادرێت، ھەندآ لە سەرکردە کوردەکان دەست بۆ ئەم پرسە دەبەن بەنیازی چارەسەرکردنی پرسی کورد، بەڵام تەنانەت ئەو سیاسیانەشی ئەم باسو خواسە دێننە گۆڕێ خۆیان لێدوانی دژو ناکۆك بە پرسی ریفراندۆمیان ھەبووە لە چوارچێوەی ئێراقدا".
جێگری وهزیری دهرهوهی ئێران، بهبێ ئهوهی باس له مافهكانی كورد بكات له ئێران دهڵێت: "من پێموایە دەبێت لەسەر دوو بنەما کار لەگەڵ ئەم پرسە بکرێت، یەکەم: بەدەستھێنانی تەواوی مافەکانی ھاووڵاتیانی کورد لەو وڵاتانەی تێیدان، بە ھەریەک لە ئێراق و سووریاشەوە، خاڵی دوو: پاراستنی تەواوی رووبەری وڵاتانی ناوچەکە و دابەشنەکردنی ئەم وڵاتانە. ئێمە وەھای دەبینین کە ئەگەر دابەشبوون بێتە ئاراوە ئەوا دوایی بەم پرسە نایەت، بگرە بازنەی دابەشبوونەکان زیادو پتر دەبن".
حوسێن جابر ئهنساری ههروهها دهڵێت: "پێمانوایە بە بەشکردنی ئەم وڵاتانە مافی ھیچ نەتەوەو خێڵ و گرووپێك مسۆگەرو پارێزراو نابێت، بەڵکە بەشبەشبوون تەنھا دەبنە مایەی ناسەقامگیری، ھەستیاری نەتەوەیی تۆختر دەکەنەوەء رێ بۆ پێکدادان خۆشدەکەن، ھەروەھا بواری ئەوە دێتە پێش گەلانی ناوچەکە بەگژیەکدا بچنەوەو پێکەوە بجەنگ بێن، بۆیە بەم رێگایە مافەکانی گەلانی ناوچەکەو گەلی کوردیش لەو نێوەدا بەدینایەن، بەڵکە ئاسایشی ئەو گەلە دووچاری گرفت دێت".
بۆیە ئێمە باشترین رێگا پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و خزمەتە بە بەرژەوەندی و داخوازی ئەوان، واتە گشت ئەو گەلانەی لە ناوچەکە دەژین، لە چوارچێوەی مافی رەوای ئەواندا لە چوارچێوهی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین".
ههروهها گوتیشی: "لێرەوەیە کە ئێمە لەسەر بنەمای ئەم سیاسەتە لەتەك ھاوپیشە کوردەکانمان لە ھەماھەنگی و کاری پێکەوەییداین، ھەمان چەشنی دۆستانمان لە وڵاتانی دی ناوچەکەدا، ھاوكات ئێمە ئەم سیاسەتە بە راست و دروست دەبینین".