ئه‌مریكا باس له ناكۆكی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
داوای پێكه‌وه كاركردنی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جۆن كێربی سه‌باره‌ت به سه‌ردانی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند دوێنی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه له هه‌رێمی كوردستانی عێراق بوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و به‌رپرسانی دیكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كۆ بووه‌وه، كه تایبه‌ت بوو به هه‌وڵه‌كانی له‌ناوبردنی داعش، یارمه‌تیدانی پێشمه‌رگه و هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئاواره‌كان و یارمه‌تی به‌په‌له‌ی مرۆیی.
هه‌ر سه‌باره‌ت به سه‌ردانی شاندی ئه‌مریكا بۆ هه‌ولێر گوتی هه‌ماهه‌نگی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له سه‌روبه‌ندی رزگاركردنی موسڵ ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌یان بووه.
وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به ههڵویستێی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی ناكۆكی نێوان لایه‌ن كوردییه‌كان ده‌داته‌وه، كه رۆژنامه‌نووسه‌كه ئاماژه به كۆمێنتیكی برێت مه‌كگورك له ئه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر سه‌باره‌ت به گفتوگۆكردنی هه‌ندێ پرسی تر ده‌كات، كه له تویته‌كه‌یدا باس له هاندانی یه‌كگرتوویی نێوان پارتی و یه‌كێتی كردووه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وی ئه‌مریكا له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌ڵێت: "من لێره پێش جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه ناكه‌م. ماوه‌یه‌كی زۆره قسه‌مان كردووه كه خوازیارین پێكه‌وه كاركردنی لایه‌نه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ره‌و پێشبردنی عێراق ببینین، به‌ڵام من ورده‌كاری زیاترم پێ نییه كه پێتان بده‌م".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی تر ده‌رباره‌ی نیگه‌رانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به ناكۆكی نێوان لایه‌ن كوردییه‌كان كه كێشه‌یه‌كه به‌رده‌م ئامانجه‌كانی واشنتۆن گوتی نامه‌وێت ده‌رباره‌ی شتێك قسه بكه‌م كه پێی وایه هێشتا رووی نه‌داوه. هه‌روه‌ها پێداگری له‌سه‌ر به‌شداریكردنی به‌رده‌وامی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كرد و ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌وه دایه كه به‌غدا و هه‌ولێر به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر كاركردن بۆ پێشه‌وه بردنی عێراق، ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان خزمه‌تی ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا ناكات و یارمه‌تیده‌ر نابن و واشنتۆن پێداگری له‌سه‌ر یه‌كریزی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌كات.