یه‌كگرتوو: كشانه‌وه‌ له‌ حكوومه‌ت ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌

یه‌كێتی: به‌هۆی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ وه‌رگرتنی بڕیار له‌ حزب كارێكی ئاسان نییه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەگەرچی لێرەو لەوێ بەشێك لە حزبە بەشدارەکانی ناو حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت حزبەکانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن ئەوە دەخەنەڕوو, ئەگەر حکوومەت بە زوویی چاکسازی لەسەرجەم سێکتەرەکاندا نەکات، ئەوا ئەگەری ھەیە لە حکوومەت بکشێنەوە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نيیە کە ئایا لە حکوومەت دەکشێنەوە یاخود نا.

لەسەر ئەو پرسە یەکگرتوو دەڵێت ئەوان بۆ چاکسازی چەندین پرۆژەیان داوە بە حکوومەت دەشڵێن: کشانەوەیان ئەگەرێکی کراوەیە و رەتیشیدەکەنەوە بە کشانەوەی وەزیرەکانیان ئەوا پۆستەکانی تریش رادەست بکەنەوە.

ئەگەرچی ھەر چوار وەزیرەکەی گۆران لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و لە ئێستادا گۆران لە کابینەی حکومەتدا نیە،بەڵام تا ئێستا ئەو بزووتنەوەیە نەیگوتووە دەچێتە دەرەوەی حکوومەت، گوتەبێژەکەشیان دەڵێت: ھیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ مانەوە یان کشانەوە لە حکومەت بە یەکجاری.

لەسەر ھەمان پرس کوردستان 24 پەیوەندی بە بەرپرسانی کۆمەڵی ئیسلامیيەوە کرد, بەڵام پەیوەندیيەکانیان بەردەست نەبوو.

مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان 24ی راگەیاند, سەرجەم حزبەکانی بەشدار لە حکوومەت بەرپرسیارێتیان لەسەر شانە و کشانەوە لە حکوومەتیشی بە کارێکی سادە لە قەڵه‌مدا ھەروەها گوتیشی: "ئێستادا بەھۆی نەبوونی کۆدەنگی لە ناو یەکێتی وەرگرتنی بڕیار لە ناو حزبەکەی ئاسان نیيە بۆ مانەوە یان کشانەوە".