هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه تێكشكێنرا
K24 – هه‌ولێر
چه‌كدارانی داعش به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 18-9-2016 هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه له میحوه‌ره‌كانی گوێر و باشیك.
فه‌رمانده‌ی هێزی پیشمه‌رگه له میحوه‌ری باشیك، لیوا حه‌سه‌ن حه‌دۆ به كوردستان24 رایگه‌یاند چه‌كدارانی داعش كاتژمێر 6:00 به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه هێرشیان كرده سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پیشمه‌رگه كه بۆ ماوه‌ی نیو كاتژمێر شه‌ڕ و پێكدادان به‌رده‌وامبوو.
گوتیشی چه‌كدارانی داعش به دۆشكه و بی كه‌ی سی و هاوه‌ن به دووری دوو كیلۆمه‌تر نزیكی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه ببوون، كه به چه‌كی قوڕس وه‌ڵامیان درایه‌وه و هێرشه‌كه‌یان تێكشكێنرا.
لیوا حه‌سه‌ن حه‌دۆ هه‌روه‌ها گوتی چه‌كدارانی داعش بۆ ماوه‌ی دوو كاتژمێر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌یان له میحوه‌ری باشیك تۆپبارانكرد. هێزی پێشمه‌رگه به تۆپباران وه‌ڵامیان دایه‌وه و ده‌ستیان كرد به تۆپبارانكردنی ئه‌و شوێنانه‌ی كه چه‌كدارانی داعش له‌وێوه سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌یان تۆپباران ده‌كرد.
هێزی پێشمه‌رگه له میحوه‌ری باشیك هیچ زیانی گیانی نه‌بووه و به‌ڵام تا ئێستا سه‌باره‌ت به زیانه‌كانی چه‌كدارانی داعش هیچ زانیارییه‌ك بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه.