دیندار زێباری: حكومه‌ت به‌ دواداچوون بۆ كێشه‌ی زه‌وی و زاری كریستیانه‌كان ده‌كات

وه‌ڵامی راپۆرتی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌داته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

 سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجدی سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ ئەو زەوییانەی لە پارێزگای دهۆک کێشەیان لەسەرە.

دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی چەند راپۆرتێکی ناوخۆیی و دەرەکی سەبارەت بە زەوی کریستیانەکان کە کێشەیان لەسەرە لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جدی سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ کێشەی ئەو زەویانە و یەکلایی کردنەوەیان لە پارێزگای دهۆک و لە نزیکەوە لە داخوازی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەڕوانن.

دیندار زێباری سەبارەت بە کێشەی زەوی کریستیانەکان و ئەو سستییەی  گوایە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بەدی دەکرێت لە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی کریستیانەکان روونیکردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتگیری لە جوتیاری بەرهەمهێنەر دەکەن بەبێ جیاوازی چینایەتی و ئایینی و نەتەوەیی، ئەمەش لە روانگەی پێشخستنی بەرهەمی کشتوکاڵ و لەم بارەوە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئەرکی خۆیان هەڵساون لە وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی کریستیانەکان و چارەسەرکردنی هەرکێشەیەک رووبەڕوویان ببێتەوە.