هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌مه‌ریكا بۆ ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن

به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی هه‌رسێ لایه‌ن كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ی 19ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2016، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی سه‌ربازی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا و عێراقی، به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ڵاحه‌ددین به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رپرسانی باڵای سه‌ربازی و ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان و دۆگلاس سیڵیمان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و كین گرووس، كۆنسوڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر و جه‌نه‌راڵ تاونسێند، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ژماره‌یه‌ك راوێژكاری سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ  ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای ئه‌منی و سه‌ربازی عێراق و عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی، جێگری سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عێراق، به‌شدارییان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كرد.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئامانجی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌، رێككه‌وتن بووه‌ له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ و جه‌خت له‌ تێكشكاندنی داعش  كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن كه‌ رێكخراوی داعش دوژمنی هاوبه‌شه‌ و جه‌ختیش كاری هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و هێزه‌كانی عێراق كراوه‌ته‌وه‌.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنە وردەكارییەكانی پلانی ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر چۆنییەتی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی و سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ ڕێككەوتن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی هێزی هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی و پێشمەرگە كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و هیوای خواست كە كاری هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان لە ئازادكردنی موسڵ زەمینەی قووڵبوونەوەی برایەتی و دۆستایەتی و متمانەی نێوان هەردوولا خۆشتر بكات و هەروەها ببێتە هۆی كۆتاییهێنان بە كێشە و نەهامەتییەكانی خەڵكی پارێزگای نەینەوا و ببێتە فاكتەرێكیش بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی.