لیژنەی ئەمنی كەركووك: پارێزگاكە پێویستی بە ھیچ ھێزێكی دیكە نییە

لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى كه‌ركووك روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

K24 – ھەولێر

لە روونكردنەوەیەكدا لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركووك دەڵێ: "كەركووك هیچ پێویستى به‌ هاتنى هێزێكى تر نیه‌ چونكه‌ هێزه‌كانمان توانیویانه‌ ئاسایش فه‌راهه‌م بكه‌ن و سه‌روماڵى هاوڵاتییان له‌ مه‌ترسییه‌كان بپارێزن".

ھەر لەو روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "هاتنى هه‌ر هێزێك پێویستى به‌ ڕه‌زامه‌ندى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێڕاق هه‌یه‌ و هه‌ر كات پێویستیمان پێ بێت داواكارى ئاراسته‌ى به‌ڕێزیان ده‌كه‌ین".

ھەروەك لەو بەیاننامەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: "لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركووك داوا له‌ سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى ده‌كات وازبهێنێت له‌ به‌خشینه‌وه‌ى تۆمه‌تى بێ بنه‌ما له‌ شاره‌كه‌دا و كێشه‌ و گرفت نه‌نێته‌وه‌ و بزانێت كه‌ گرفته‌كانى نێو به‌ره‌ى توركمانى به‌ نانه‌وه‌ى كێشه‌ و موزایه‌ده‌ى سیاسى چاره‌سه‌ر ناكرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە دەبێ پەكەكە ھاوشێوەی موجاھیدنی خەلق لە عێراق دەربكرێن، ھەروەھا بە رفاندنی ھاووڵاتیانی توركمان تۆمەتباریكردوون.

دەقی روونكردنەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى كه‌ركوكه‌وه‌

لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى كه‌ركوك ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ هێزێكى تایبه‌ت نیه‌ بۆ پاراستنى دام و ده‌زگا گرنگه‌كانى كه‌ركوك جگه‌ له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌ هاوبه‌شه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى كه‌ركوك.

لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى كه‌ركوك له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى له‌ لێدوانێكدا باس له‌ بونى هێزێكى (پارتى كرێكرانى كوردستان) ده‌كات له‌ شارى كه‌ركوك و ئێمه‌ ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ شاره‌كه‌ جگه‌ له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منى و هه‌واڵگریه‌‌ هاوبه‌شه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى كه‌ركوك كه‌ دكتۆر (نه‌جمه‌دین كه‌ریم) سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات هیچ هێزێكى تر بوونى نیه‌.

لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى كه‌ركوك ته‌ئكیدیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌ى له‌ كه‌ركوكدان به‌سه‌رپه‌رشتى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگا و به‌ پشتیوانى هاوپه‌یمانان به‌رگریان كردوه‌ له‌ شارى كه‌ركوك و له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى شاره‌كه‌ و دام و ده‌زگاكانى كه‌ركوكیان پاراستوه‌ و پیلانه‌كانى تیرۆریستانى داعشیان پوچه‌ڵ كردۆته‌وه‌ و له‌و پێناوه‌دا چه‌ندین قوربانیان داوه‌ و خوێنى گه‌شیان له‌سه‌ر خاكى كه‌ركوك ڕژاوه‌.

لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى كه‌ركوك جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ى هیچ پێویستى به‌ هاتنى هێزێكى تر نیه‌ چونكه‌ هێزه‌كانمان توانیویانه‌ ئاسایش فه‌راهه‌م بكه‌ن و سه‌روماڵى هاوڵاتییان له‌ مه‌ترسییه‌كان بپارێزن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا لیژنه‌ى ئه‌منى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هاتنى هه‌ر هێزێك پێویستى به‌ ڕه‌زامه‌ندى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێڕاق هه‌یه‌ و هه‌ر كات پێویستیمان پێ بێت داواكارى ئاراسته‌ى به‌ڕێزیان ده‌كه‌ین.

له‌ كۆتایى به‌یاننامه‌كه‌دا لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى كه‌ركوك داوا له‌ سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى ده‌كات وازبهێنێت له‌ به‌خشینه‌وه‌ى تۆمه‌تى بێ بنه‌ما له‌ شاره‌كه‌دا و كێشه‌ و گرفت نه‌نێته‌وه‌ و بزانێت كه‌ گرفته‌كانى نێو به‌ره‌ى توركمانى به‌ نانه‌وه‌ى كێشه‌ و موزایه‌ده‌ى سیاسى چاره‌سه‌ر ناكرێت .