راهێنه‌ری تۆتێنهام: چاوه‌ڕوان بن مێسی ئێمه‌ش به‌ڕێوه‌یه‌

پێیوایه‌ له‌ داهاتوودا جیهان شۆك ده‌كات

پۆچیتینۆ، راهێنه‌ری یانه‌ی تۆتێنهامی له‌نده‌نی له‌ لێدوانێكدا سه‌رسامی خۆی به‌ ناوه‌ڕاستكارێكی لاوی یانه‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: ئێمه‌ش مێسی ـیمان هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوان بن له‌ داهاتوودا جیهان شۆك ده‌كات.

ماوریسیۆ پۆچیتینۆ، راهێنه‌ری تۆتێنهام له‌ لێدوانێكدا كه‌ له‌ پێگه‌ی Guardianـی بریتانیا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: كاتێك سه‌یری یاری ماركۆس ئیدواردیسی ته‌مه‌ن 17 ساڵی یانه‌كه‌م ده‌كه‌م سه‌رده‌می لاویه‌تی مێسیم بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌.

پۆچیتینیۆی راهێنه‌ری ئارجێنتینی ده‌شڵێت: ئیدواردیس زۆرتایبه‌تمه‌ندی لێكچووی له‌گه‌ڵ مێسی هه‌یه‌، له‌ ڕووی جه‌سته‌ و جوولانه‌وه‌ی له‌ نێو یاریگه‌ و دابه‌شكردنی تۆپه‌كان، ئه‌و خاوه‌نی زۆر به‌هره‌ی شاراوه‌ی تۆپی پێیه‌ و ده‌بێته‌ مێسی تۆتێنهام له‌ داهاتوودا.

پۆچیتینیۆی راهێنه‌ری یانه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌ بڕیاریداوه‌، بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ جامی پیشه‌گه‌ره‌كانی ئینگلاند، بانگهێشتی ئیدواردیس بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یانه‌ی جیلینگهام بكات.
ئیدواردیس له‌ دایكبووی ساڵی 1998ـه‌ و له‌ هاوینی 2015 په‌یوه‌ندی به‌ تۆتێنهامی له‌ده‌نییه‌وه‌ كرد، له‌ خولی لاوانی بۆ خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵان، له‌ كۆی 19 یاری 7 گۆڵی تۆمار كردووه‌ و گرێبه‌سته‌كه‌شی بۆ دوو ساڵی دیكه‌ درێژ كراوه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئینگلاندیش درێسی ژماره‌ (10)ـی ده‌پۆشێت.