پەرلەمانتارانی کورد داوای زیادکردنی سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن

لێژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەی خۆی، رێکار و راسپاردەی نوێی بۆ دابەشکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە پەسەند کرد، کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بۆ پاڵاوتن و دابەشکردن بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بە هەرێمی کوردستان دەدرێت.

بەپێی راسپاردەی یەکەمی لێژنەکە، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. پشکی هەر پارێزگایەک بەپێی هەمان پێوەری پارێزگاکانی دیکەی عێراق دیاری دەکرێت و پرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

لێژنەکە جەختی کردەوە، لە ئەگەری هەر کەمبوونەوەیەک لە بڕی سووتەمەنیدا، بڕەکان بە یەکسانی بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن. لەو حاڵەتەدا، رادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە و نەوتەکە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت. هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پابەند دەبێت بە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو نرخانەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی پەسەندی کردووە.

سەبارەت بە پێشنیازی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ زیادکردنی بڕی نەوتی خاوی فیدراڵی بۆ زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل، لێژنەکە کۆمەڵێک مەرجی دیاری کردووە. لەوانە: رەچاوکردنی پێوەری ژمارەی دانیشتووان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی قەیراناوی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە، دیاریکردنی بڕی نەوت لە رێگەی لێژنەیەکی فنییەوە لە کۆمپانیاکانی پاڵاوگە و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان.

هەروەها راسپاردەکان جەخت لە فرۆشتنی نەوتی خاوی ناوخۆیی بە هەرێمی کوردستان بە هەمان نرخی پاڵاوگەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و رادەستکردنی نەوتی رەش بەپێی هەمان ئالیەتی فیدراڵی دەکەنەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێنی داوە سووتەمەنی بە هەمان نرخی پەسەندکراوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. لە کۆتایی ساڵیشدا، تێچووی پاڵاوتن لە نێوان پاڵاوگەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان یەکلا دەکرێتەوە بە مەبەستی پەسەندکردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە.