متمانه له ھۆشیار زێباری سه‌ندرایه‌وه
K24 – ھەولێر
په‌رله‌مانی عێراق له دانیشتنی ئه‌مڕۆدا متمانه‌ی له هۆشیاری زێباری وه‌زیری دارایی سه‌نده‌وه، پاش ئه‌وه‌ی كه به‌ر له جه‌ژنی قوربانی، كۆبوونه‌وه په‌رله‌مان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دوو جار دوا خرابوو.
له دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان به زۆرینه‌ی ده‌نگی 158 په‌رله‌مانتاری متمانه له زێباری سه‌ندرایه‌وه، كه پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه به نهێنی به‌ڕێوه‌چوو.
له دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان، داواكارییه‌كی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خوێندرایه‌وه كه داوای كردبوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی شاندی عێراقی له ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دوا بخرێت، داواكه‌ی عه‌بادی به كۆی ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه.
سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له زێباری له كاتێك دایه كه ئه‌ندامی شاندی عێراقه بۆ به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆرك.
ئه‌شواق جاف په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی له به‌غدا به كوردستان 24 رایگه‌یاند 158 په‌رله‌مانتار به "به‌ڵێ" ده‌نگیان به سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له زێباری داوه و 77 په‌رله‌مانتار به "نا" ده‌نگیان داوه.
هۆشیار زێباری 63 ساڵی له‌ساڵی 2014 له كابینه‌ی عه‌بادی بووه وه‌زیری دارایی. پێشتر له هه‌ردوو خولی هه‌ڵبژاردنی 2006 و 2010 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بووه.
په‌رله‌مانی عێراق رۆژی 28 ئاب متمانه له خالید عوبێدی وه‌زیری به‌رگری سه‌ندبووه‌وه.