دوای سێ ساڵ پڕۆسەی خوێندن لە منبج دەست پێدەكاتەوە

K24 – منبج

پاش ئەوەی شارۆچكەی منبج لە رۆژئاوای كوردستان لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركرا، دوای سێ ساڵ كۆمیتەی پەروەردەی ئەنجوومەنی سڤیل لە منبج دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی راگەیاند.

لەگەڵ ئاستەنگەكانی ژیان و خراپی بارودۆخی ئابووری خەڵك دوای سێ ساڵ وێران بوونی شارۆچكەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعش، وەرزی نوێی خوێندن لە منبج دەستیپێكرد و دەرگای قوتابخانەكان بە رووی قوتابیان كرانەوە، لەپاڵ دڵخۆشی قوتابیان و كەسوكاریان بە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، بەڵام كۆمیتەی پەروەردەی ئەنجوومەنی سڤیل لە منبج رەخنە لە سیستمی خوێندن دەگرێت و دەڵێ، گۆڕانكاری لە كتێبەكاندا نەكراوە و ھەر ئەو كتێبانەن كە رژێمی بەعس چاپی كردوون و لەو كتێبانەدا ھیچ ئاماژەیەك بە گۆڕانكارییەكانی ناوخۆیی سووریا و رۆژئاوای كوردستان نەكراوە.