"كوردستانى نوێ": نابێت حكومه‌ت به ته‌نيا بۆ پارتى به‌جێبهێڵدرێت
به شێوه‌ى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كه‌وتووه‌ته وێزه‌ى هاوپه‌يمانه‌كه‌ى و هانى ئه‌نجامدانى خۆپيشاندان له هه‌ولێر ده‌دات و بانگه‌شه‌ى دوورخستنه‌وه‌ى پارتى له پرۆسه‌ى سياسى كوردستان ده‌كات.
K24 – هه‌ولێر:
ميدياى ره‌سمى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان, كه رێككه‌وتنى ستراتيژى له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستان هه‌يه و هاوبه‌شه له پرۆسه‌ى حوكمڕانى و حكومه‌تى هه‌رێمدا به شێوه‌ى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كه‌وتووه‌ته وێزه‌ى هاوپه‌يمانه‌كه‌ى و هانى ئه‌نجامدانى خۆپيشاندان له هه‌ولێر ده‌دات و بانگه‌شه‌ى دوورخستنه‌وه‌ى پارتى له پرۆسه‌ى سياسى كوردستان ده‌كات.
رۆژنامه‌ى كوردستانى نوێى ئۆرگانى يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان له ژماره‌كانى ئه‌مڕۆ و چه‌ند رۆژى رابردوودا به ناڕاسته‌وخۆ و راسته‌وخۆ كه‌وتووه‌ته دژايه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستان و ئيداره‌ى حكومه‌تى هه‌رێم.
له سه‌روتارى ژماره‌ى هه‌ينى و شه‌ممه‌ى رۆژنامه‌كه‌دا, له ژێر ناونيشانى (به‌م هه‌موو زام و برينه‌وه), رۆژنامه‌كه هه‌ڵوێستى يه‌كێتى ده‌ربڕيوه و تێيدا باسى گرفته‌كانى يه‌كێتى له لايه‌ك و هه‌رێمى كوردستانى له لايه‌كى ديكه‌وه كردووه و سه‌رنجى له‌سه‌ر ئه‌وه چڕكردووه‌ته‌وه, پرسيار سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌رى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆم بكات، كه پارتى ديموكراتى كوردستان وه‌ك پرۆژه‌يه‌كى سياسى بۆ ده‌ربازبوون له قه‌يرانه‌كانى عێراق و رێكردن به ئاراسته‌ى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان له‌سه‌ر زارى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و هاوكات سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستانه‌وه خستوويه‌تييه‌ڕوو.
ژماره‌ى (7073)ى رۆژى هه‌ينى و شه‌ممه 23 و 24ى ئه‌يلوول ته‌نيا به هێرشكردنه سه‌ر پرۆژه‌كه‌ى پارتى له سه‌روتاردا نه‌وه‌ستاوه و له كۆى لاپه‌ڕه‌كانى رۆژنامه‌كه‌دا چه‌ندين بابه‌تى له دژى حكومه‌تى هه‌رێم و پارتى بڵاوكردووه‌ته‌وه.
لاپه‌ڕه‌ى يه‌كه‌م: هێرش بۆ سه‌ر پڕۆژه‌ى ريفراندۆم
هه‌ر له لاپه‌ڕه‌ى يه‌كه‌مدا له ژێر ناونيشانى (چيرۆكى قاچاخچێتى مرۆڤ له نێوان دوو كوردستاندا)، كه پێشه‌كى بابه‌تێكى ريپۆرتاژيى رۆژنامه‌كه‌يه و درێژه‌ى له لاپه‌ڕه 4 و 5 بڵاوكراوه‌ته‌وه، رۆژنامه‌كه نووسيويه‌تى: (ئه‌مڕۆ له نێوان دوو پارچه‌ى ئازادكرا‌و ته‌لبه‌ندێك هه‌يه و بڕيارێك هه‌يه بۆ گرتنى سنوور، خراپتر له‌وه ئه‌و لايه‌نه‌ى پرسى ريفراندۆم و سه‌ربه‌خۆيى كردووه‌ته كاڵايه‌كى باش بۆ موزايه‌ده‌ى سياسى هه‌ر ئه‌و لايه‌نه رێگرى ده‌كات له هه‌موو په‌يوه‌ندييه‌ك له‌گه‌ڵ رۆژئاواى كوردستان).
وه‌ك له ده‌قى پێشه‌كى ريپۆرتاژه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئاماده‌كار و ستافى رۆژنامه‌كه هێرشيان كردووه‌ته سه‌ر پرسى داخستنى سنوور و پارتييان به‌وه تۆمه‌تبار كردووه، گوايه بانگه‌شه‌ى ئه‌نجامدانى ريفراندۆمى وه‌ك كاڵايه‌كى باش بۆ موزايه‌ده‌ى سياسى به‌كارهێناوه. ئه‌مه له كاتێكدايه پرسى سنوور په‌يوه‌ندى به سياسه‌تى ره‌سمى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه هه‌يه و ده‌روازه سنوورييه‌كان له لايه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن كه يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستانيش له بڕيار و سياسه‌ته‌كانيدا هاوبه‌شه.
لاپه‌ڕه‌ى دووه‌م: له برى هه‌واڵ.. گاڵته و ته‌نزى سياسى
به گوێره‌ى زانستى پيشه‌ى رۆژنامه‌وانى، بايه‌خى لاپه‌ڕه‌ى دووه‌مى رۆژنامه هيچى كه‌متر نييه له لاپه‌ڕه‌ى يه‌كه‌م و رۆژنامه پيشه‌گه‌ره‌كانى جيهان هه‌واڵ و بابه‌تگه‌لێك كه بايه‌خيان بۆ خوێنه‌ر له پێشتره له لاپه‌ڕه‌ى دووه‌م بڵاو ده‌كه‌نه‌وه, به‌ڵام لاپه‌ڕه‌ى دووه‌مى كوردستانى نوێ ته‌رخانكراوه بۆ مه‌نه‌لۆجى سياسى و دوو ته‌نزه ستوون.
له ستوونى لاى راستى رۆژنامه‌كه به بێ هه‌بوونى ناوى نووسه‌ر، له ژێر ناونيشانى (خه‌به‌ردار.. پارتييه‌كى ئۆپۆزيسيۆن) ستوونێك بڵاو كراوه‌ته‌وه, كه ناوى نووسه‌رى له‌سه‌ر نييه و رۆژنامه‌كه به‌رپرسيارێتى بڵاوكردنه‌وه‌ى له‌ئه‌ستۆ گرتووه و تێيدا پێشنيازى ئه‌وه‌ى كردووه لايه‌نه سياسييه‌كان پارتى بكه‌نه ده‌ره‌وه‌ى گۆڕه‌پانه‌كه و حكومه‌تى لێ وه‌ربگرنه‌وه و حكومه‌تێكى نوێ به بێ پارتى پێكبهێنرێت و پارتيش بكرێته ئۆپۆزيسيۆن.
تيغ له هاوپه‌يمانه‌كه‌ى ده‌سوێت
له كۆپڵه‌ى دووه‌مى ئه‌و ستوونه‌دا رۆژنامه‌كه داوايكردووه خۆپيشاندان له هه‌ولێر بكرێت و نووسيويه‌تى: (هه‌تا خۆپيشاندان له هه‌ولێر نه‌كرێت له ديموكراسى كورديى دڵنيا نابين).
له به‌شێكى ديكه‌ى ئه‌و ستوونه‌دا هۆكارى نه‌بوونى خۆپيشاندانى له هه‌ولێر بۆ هه‌بوونى ترس و بيمى خه‌ڵك له پارتى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه و نووسيويه‌تى: (ناكرێ له هه‌ولێر ترس هه‌بێ و هه‌موو بيرۆكه‌يه‌كى ديموكراسى له سلێمانى تاقيبكرێته‌وه..ئه‌مه په‌يوه‌ندى به فه‌زاى سياسى زاڵه‌وه هه‌يه خێره له حاجى ئۆمه‌ران خۆپيشاندان ناكرێت و له قه‌ڵادزێ ده‌بێت، خه‌ڵكى كوردستان هه‌موويان ئازا و به جه‌رگن له‌سه‌ر مافه‌كانيان به‌ڵام هه‌موو فه‌زاكان وه‌كو يه‌ك ئازاد نيين.. ده‌مانه‌وێ ئازايى هه‌بێ و ئازاديش هه‌بێ).
مه‌نه‌لۆجى سياسى
هه‌ر له لاپه‌ڕه‌ى دووه‌مدا و له ناوه‌ڕاستى لاپه‌ڕه‌كه مه‌نه‌لۆجێك له ژێر ناونيشانى (ناديه... موراد) بڵاو كراوه‌ته‌وه و تێيدا رۆژنامه‌كه، كه به بێ ناوى نووسه‌ر بابه‌ته‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه، تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى داوه‌ته پاڵ پێشمه‌رگه كه شنگالى نه‌پاراستووه و نووسيويه‌تى: (مه‌بڕن مه‌كوژن فاتيمه شندال.. قه‌ت جێ مه‌هێڵن خه‌ڵكه‌كه‌ى شنگال).
له ده‌سته چه‌پى لاپه‌ڕه‌كه‌دا ستوونێكى ديكه له ژێر ناونيشانى (چى بچێنى) بڵاوكراوه‌ته‌وه و تێيدا نووسه‌ر هێرشى كردووه‌ته سه‌ر پارتى ديموكراتى كوردستان و به‌وه تۆمه‌تبارى كردووه كه به‌رپرسيارێتى هه‌ڵناگرێت و نووسيويه‌تى: (شت له ده‌ستيان ده‌شكێ كه‌چى وه‌ك منداڵى لاسار حاشاى لێ ده‌كه‌ن كه ئه‌و شته ئه‌وان شكاندبێتيان).
هه‌روه‌ها نووسه‌ر نووسيويه‌تى: (له كوردستان ئه‌م جۆره كڵاو له‌سه‌ر نانه چه‌ندين ساڵه به‌رده‌وامه، كه‌سانێك خۆيان به به‌رپرس بزانن، به‌ڵام به‌رپرسيارێتى هه‌ڵنه‌گرن. په‌رله‌مانى داخستووه و ده‌ڵێ: فه‌رموون بۆ ريفراندۆم.. به ته‌له‌فۆن وه‌زيرى حزبه‌كان ده‌رده‌كه‌ن، كه‌چى دوايى له ميدياوه بانگى ده‌كه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه. ده‌ستيان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتووه، كه‌چى گاڵته به ئاڵوگۆڕ ده‌سه‌ڵات له سلێمانيدا ده‌كه‌ن).
له لاپه‌ڕه كراوه‌كاندا.. سێره‌گرتن له كه‌سايه‌تييه‌كانى پارتى
لاپه‌ڕه 14 و 15ى كوردستانى نوێ‌دا كه به لاپه‌ڕه‌ى (كراوه) ناونراوون له كۆى 5 بابه‌تى وتار، سێ وتاريان ته‌رخانكراوون بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پارتى و كه‌سايه‌تييه‌كانى پارتى له‌وانه نێچيرڤان بارزانى و دڵشاد شه‌هاب و كاديرانى ديكه‌ى پارتى، به‌ڵام بابه‌ته‌كان به ناوى نووسه‌رانى جياجياوه نووسراوون و وه‌ك بيروڕا له رۆژنامه‌كه بڵاو كراونه‌ته‌وه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه ميديايى ئۆرگانى ره‌سميى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان تا ئێستا هيچ ميديايه‌كى پارتى ديموكراتى كوردستان و به‌رپرسانى ئه‌و حزبه وه‌ڵاميان نه‌داوه‌ته‌وه.