هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان "په‌یامی هاوسه‌نگه‌ری" بۆ مامۆستایان ده‌نێرێت

په‌یامی پێشمه‌رگه‌: موچەی پلە باڵاكانی پێشمەرگە كەم بكرێتەوە و ببەخشرێت بە مامۆستایانی ئازیز و بەرێز

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كه‌كانی 70 و 80ی هێزی پێشمه‌رگه‌، "په‌یامی هاوسه‌نگه‌ری" بۆ مامۆستایانی كوردستان ده‌نێرن و وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، پێشمەرگە بە چەك و بە خوێنی خۆی بەرگری لەم نیشتیمانەو لە ئازادی و ئارامی نیشتیمانەكەمان دەكاو مامۆستایانیش بە قەڵەم و بە چەكی زانست و پەروەردە نەوەكان پێدەگەیەنن.

وه‌ك له‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی پێده‌كات، ئاماده‌یی خۆیان ده‌رده‌بڕن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پله‌ باڵاكانی پێشمه‌رگه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا بدرێته‌ مامۆستا.

هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌دا هاتووه‌: "بە پێویستی دەزانین ئەم هاوسەنگەرییەی مامۆستایان و پێشمەرگە لەم سەرەتای ساڵی خوێندنەدا بخەینەوە بەرهزرو دیدی جەماوەری كوردستان و هەموو لایەك دڵنیا بكەین كە پێشمەرگەو مامۆستایان پێكەوە بەردەوام دەبن لە تۆماركردنی سەروەرییەكان تا كۆتایهێنان بە ئەم هەلومەرجە نالەبارە و گەیشتنەوەمان بە رەوشێكی باشتریش لە پێش ئەم شەڕ و قەیرانەدا".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

پەیامی هاوسەنگەری لە پێشمەرگەوە بۆ مامۆستایانی كوردستان مامۆستایانی بەڕێز ...

سەرەتا بەبۆنەی ساڵی تازەی خوێندن و لەبەر رۆشنایی هەڵوێستی خۆڕاگرانەتان پیرۆزبایی لە ئێوەی چرای زانست و پەروەردەو لە سەرجەم قوتابی و خوێندكارانی هیوای دوارۆژی كوردستان دەكەین. مامۆستایانی ئازیزو كۆڵنەدەر، هەموان دەزانین ماوەی دوو ساڵە هەرێمی كوردستان روبەرووی شەڕێكی نەخوازراو بۆتەوە، ئەمە سەرباری بڕینی بودجە و موچەی هەرێمەكەمان، كە جەماوەری كوردستانی توشی ئاستەنگی گەورەی دارایی كردووە. دیارە ناكۆكیە سیاسیە ناوخۆییەكانیش قورساییەكی زیاتری خستۆتە سەر كایەی بەڕێوەبردن و ئابوری هەرێم. سەرەڕای هەموو ئەوانە پێشمەرگەی كوردستان جیاواز لە هەر بۆچونێكی سیاسی و بەبێ‌ تێكەڵبوون بون بە ململانێ‌ سیاسیەكان زۆر جوامێرانە لە سەنگەری بەرگری و تێكشكاندنی تیرۆرستان قەڵغان ئاسا راوەستاوەو توانیویەتی شێرانە داكۆكی لە ئازادی سەروەری خاك و گەلەكەمان بكات و دلێرانە تیرۆرستان تێك بشكێنێت و دەسەڵات و قەڵەم ڕەویەكانی هێزی تیرۆر و تاریك پەرستان سنوردار بكات. ئەم خۆڕاگری و قارەمانێتیەی پێشمەرگەی كوردستان ئەو ڕاستیانەن كە تەواوی جیهانیان شاهیدی بۆ دەدەن و شانازی پێوە دەكەن. ئێستا لە تەواوی دونیادا دیموكراتخوازی و مرۆڤ دۆستی پێشمەرگەو گەلەكەمان لە لوتكە دایە و جیهان هەموو چاویان لەسەر پێشكەوتنەكان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیە و پێشمەرگە توانیویەتی سەرەتایەكی گەشتر لە مێژوی هاوچەرخی هەرێمەكەماندا بۆ گەلی كوردستان تۆمار بكات. بەڕێزان ، ئەم دۆخی شەڕو قەیرانی سەختی ئابوریە نەخوزراوە كاریگەری قورسی خستۆتە سەر رەوتی گوزەران و سست بوونی ئەو پەرەسەندن و پێشكەوتنە ئەرێنیەی كە پێش ئەم دۆخە ناهەموارە لە سایەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان رێچكەی گرتبوو. بە داخەوە رەنگدانەوەی ئەم دۆخە نائاساییەی شەڕو باری ئابوری بە ژیانی رۆژانەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمانەوە دیارە, بە تایبەتی پێشمەرگەو مامۆستایان كە دوو توێژی گرنگ و هەستیاری نەتەوەكەمانن و زیاتر لە هەموان كەوتونەتە ژێر باری گرانی گوزەرانەوە, ئەو دوو توێژەی كە بەهای بەرزی ئەرك و پیشەكەیان هاوسەنگەری كردوون، پێشمەرگە بە چەك و بە خوێنی خۆی بەرگری لەم نیشتیمانەو لە ئازادی و ئارامی نیشتیمانەكەمان دەكاو مامۆستایانیش بە قەڵەم و بە چەكی زانست و پەروەردە نەوەكان پێدەگەیەنن و داهاتووی رۆشنی كۆمەڵگاو نەتەوەكەمان زامن دەكەن. بۆیەشە لەم بارودۆخەدا بە پێویستی دەزانین ئەم هاوسەنگەرییەی مامۆستایان و پێشمەرگە لەم سەرەتای ساڵی خوێندنەدا بخەینەوە بەرهزرو دیدی جەماوەری كوردستان و هەموو لایەك دڵنیا بكەین كە پێشمەرگەو مامۆستایان پێكەوە بەردەوام دەبن لە تۆماركردنی سەروەرییەكان تا كۆتایهێنان بە ئەم هەلومەرجە نالەبارە و گەیشتنەوەمان بە رەوشێكی باشتریش لە پێش ئەم شەڕ و قەیرانەدا. هەموان ئاشنای مێژوی خەبات و قوربانیدانەكانی شاخ و شاری پێشمەرگەن و دەزانن چیرۆكەكانی تێكۆشان و كۆڵنەدانی پێشمەرگە لەپێناو گەل و نیشتیمانەكەیاندا چ بلیمەتی و سەروەرییەكی مەزنی بۆ خۆیان و نەتەوەكەیان تۆماركردووە, بە هەمان شێوەش رۆڵی مامۆستایانی كوردستان لە هەروو قۆناغی شارو شاخدا زۆر بە درەوشاوەیی دیارەو نزیكترین نمونەشمان دوای راپەڕینە كە مامۆستایان چەند ساڵێك بێ‌ موچەو هیچ ئیمتیازاتێك نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن رابوەستێ‌ و بەم هەڵوێستە جوامێرانەیەشیان داستانێكی گەورەو لەیادنەچویان بۆ دیرۆك و ناسنامەی مامۆستاو بۆ گەلەكەیان تۆماركرد. ئەمڕۆش هەموان لە گوزەران و ماف و خواستە رەواكانی پێشمەرگەو مامۆستایان تێدەگەینەڕای موچەیەكی كەم ، كە هەرگیز لە ئاستی ئەو ئەرك و فیداكاری و گیانبەخشینەی پێشمەرگەدا نیە، بەڵام بەو پەڕی لە خۆبوردوویی و بە ورەی بەرزەوە لە سەنگەرە پۆڵاینەكانیاندا چیا ئاسا راوەستاون و بەرامبەر دڕندەترین دوژمن كە تیرۆریستانی داعشە دەجەنگن و رۆژانە بە خوێن و زامی خۆیان پەیامی نەبەزین و سەركەوتنی مسۆگەر بۆ رۆڵەكانی میلەتەكەمان دووپات دەكەنەوە. مامۆستایانی ئازیز، گیان فیداییەكانی پێشمەرگە لەو ئاستە دایە ئامادەییمان هەیە موچەی پلە باڵاكانی پێشمەرگە كەم بكرێتەوە و ببەخشرێت بە مامۆستایانی ئازیز و بەرێز، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن رانەوەستێت و ئایندەی منداڵە چاو گەشەكانمان نەكەوێتە بەر هەڕەشە, چونكە ئایندەی منداڵەكانمان ئایندەی هەرێمەكەمانەو ئێمەش لەپێناو ئایندەی هەرێمەكەمان دا گیان دەبەخشین. داوادەكەین و دڵنیاین حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەرێك بۆ ئەم ئاستەنگە بدۆزێتەوە و هەڵوێستی ئێمەش وەك بەشێك لەو چارەسەرە پەسەند بكات بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن رانەوەستێت و دڵنیاین مامۆستایانیش زیاتر رەچاوی دۆخەكە دەكەن و پابەندن بەم هاوسەنگەری و هاوگوزەرانیەیان لەگەڵ پێشمەرگەدا، تا پێكەوە لە هەردوو سەنگەری بەرگری و سەنگەری زانستدا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین و بەیداغی سەركەوتن و قۆناغێكی نوێی پڕ لە گوزەرانی خۆش و روو لە ئاسۆی سەرفرازی یەكجاری دێنینە كایەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

فەرماندەیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی (70)

فەرماندەیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی (80)

25/9/2016