ھەردوو باڵەكەی یەكێتی لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانیان كۆدەبنەوە
K24 – ھەولێر
شاڵاو عەلی عەسكەری گوتەبێژی باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ماڵپەڕی كوردستان24 راگەیاند: "سبەی ھەردوو باڵی یەكێتی لە سلێمانی كۆەبنەوە و باس لە كێشەناوخۆییەكانمان دەكەین".
گوتیشی: "چەند تەوەرێكی دیاریكراو ھەن لە كۆبوونەوەكە باسی دەكەین، بەڵام جارێ ھیچ ئاشكرایان ناكەین تا دوای كۆبوونەوەكە، بە گشتی دەمانەوێت لەو كۆبوونەوەیە باسی ھەموو كێشەكانی ناوخۆیی یەكێتی و ھەرێمی كوردستان بكەین".
لەبارەی بۆچوونی باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی لەسەر خۆپێشاندانەكان كە بڕیارە سبەی ئەنجامبدرێن، شاڵاو عەلی عەسكەری گوتی: "ئێمە پشتگیری لە ھەموو ناڕەزایەتییەك دەكەین كە لەسەر قوتی خەڵك بێت، بەڵام لەگەڵ ئەو جۆرە خۆپێشاندانانە نین كە ببێتە مایەی ئاژاوە و توندوتیژی لێ بكەوێتەوە".
دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كێشەناوخۆییەكانی ئەو حزبە پەرەیان سەند، لە 1 ئەیلوولی ئەمساڵ ھەر یەك لە كۆسرەت رەسوڵ و بەرھەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناوەندی بڕیاریان راگەیاند و ئەوەیان خستەڕوو كە لەمەدوا ھەر بڕیارێك لەناو حزبەیان بەبێ ئەوان بدرێت قبوڵی ناكەن.