ئیسرائیل له ناكۆكییه‌كانی روسیا و ئه‌مریكا له سوریا ده‌ترسێت
K24 – هه‌ولێر
نوێنه‌ری پێشووی ئیسرائیل له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند به‌رزبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و روسیا سه‌باره‌ت به سوریا ره‌وشێكی مه‌ترسیدار بۆ وڵاته‌كه‌ی دروست كردووه.
رۆن پرۆسۆر به رادیۆی ئه‌رته‌شی ئیسرائیل رایگه‌یاند ره‌وشه‌كه مه‌ترسیداره، به‌تایبه‌تی بۆ ئیسرائیل، چونكه خۆمان راست له ناوه‌ڕاست ده‌بینینه‌وه. گوتیشی هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ روسیا هه‌یه و ئه‌مریكاش هاوپه‌یمانێكی گرنگمانه.
به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئیسرائیل، ناكۆكی نێوان ئه‌مریكا و روسیا "راستییه‌كی زۆر ناخۆش" بۆ ئیسرائیل دروست كردووه. به‌تایبه‌تی رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ردوو زلهێزی جیهان كه له ماوه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی سوریا بێ وێنه‌یه، به‌ڵام پێشی وایه ناگاته ئه‌و ئاسته‌ی كه به شێوه‌یه‌كی فیزیكی به‌ره‌نگاری یه‌كتر ببنه‌وه.