حكومه‌تى هه‌رێم راگه‌يه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه
سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داوايكردووه هه‌موو لایه‌نه‌كانى به‌شدارى حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستان بۆ گفتوگۆ و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه و قه‌یرانه‌كان پێكه‌وه كۆببنه‌وه.
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له راگه‌يه‌ندراوێكدا كه كه‌مێك پێش ئێستا تايبه‌ت به ره‌وشى هه‌رێم ده‌ريكردووه، رايگه‌ياند، سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داوايكردووه هه‌موو لایه‌نه‌كانى به‌شدارى حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستان بۆ گفتوگۆ و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه و قه‌یرانه‌كان پێكه‌وه كۆببنه‌وه.
ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه
سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه و قه‌یرانه‌كان و به‌تایبه‌تیش قه‌یرانى دارایى و پرسى دابه‌شكردنى مووچه و پابه‌ندى به خشته‌ى دابه‌شكردنییه‌وه.
له هه‌مان كاتدا ڕاگه‌یه‌نراوى چوار حزبى به‌شدارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به مایه‌ى سه‌رسوڕمان له قه‌ڵه‌م ده‌دات، چونكه خۆیان زۆر باش هه‌موو كێشه‌كان و هۆكاره‌كانى ده‌زانن و له نزیكه‌وه ئاگادارى هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانى حكوومه‌تن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. دۆخى هه‌رێمى كوردستان به شێوه‌یه‌كه كه ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كانى به‌شدارى حكوومه‌ت به گیانێكى هاوكارانه‌ى به‌رپرسانه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌دا بكه‌ن و به‌رپرسیاریه‌تى هه‌ڵبگرن. وه‌ئه‌ستۆگرتنى به‌رپرسیاریه‌تى، گه‌وره‌یى و ئه‌ركى لایه‌نه به‌شداره‌كانى حكوومه‌ته، بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كان ئاڵۆزتر نه‌بن و كێشه و قه‌یرانى دیكه نه‌یه‌نه ئاراوه.
سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داوايكردووه هه‌موو لایه‌نه‌كانى به‌شدارى حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستان بۆ گفتوگۆ و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه و قه‌یرانه‌كان پێكه‌وه كۆببنه‌وه و هه‌موو داهاته‌كان به شێوه‌یه‌كى شه‌فاف بخرێنه ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه چاره‌سه‌رێكى گونجاو بۆ كێشه‌كان بدۆزینه‌وه و هه‌موومان له‌پێناو ده‌ربازكردنى ئه‌م دۆخه پێكه‌وه كار بكه‌ین.
سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.
26.9.2016