وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌: 1ی 10 ساڵی نوێی خوێندن ده‌ستپێده‌كات

"به‌ مه‌به‌ستی خۆئاماده‌كردنێكی باشتر"

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بۆ خۆئاماده‌كردنێكی باشتر بۆ وه‌رزی نوێی خوێندن، بڕیاردرا 1ی مانگی داهاتوو وه‌رزی نوێ ده‌ستپێده‌كات.

له‌ به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "بڕیارمان دا زەنگی دەستپێکى دەوامى قوتابخانەکان و دابەشکردنی پەرتووکەکان لە ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١/١٠/٢٠١٦)ى زایینى بێت لە جیاتى (٢٧/٩/٢٠١٦)، بۆ ئەوەى خۆئامادەکردنى باشتر ئەنجام بدرێت. بەو ئومێدەى ساڵى نوێى خوێندن، ساڵى سەرکەوتنى پێشمەرگە و کوردستان و کۆتاییهاتنى ناخۆشییەکان بێت".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

مامۆستایانى ئازیز

قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست

دایک و باوکانی بەڕێز

بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (۲٠۱٦ ـ ۲٠۱۷)ی زایینی، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوادارین بە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، نەوەیەکی هۆشیار و نیشتمانپەروەر و زانستپەروەر پێ بگەیێنین، بۆ خزمەتى کوردستان و پێشکەوتنى هەرێمەکەمان، چونکە پەروەردە کلیلی ئەم ئامانجەیە. لەم بارودۆخەدا کە هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى شەڕى بەرگریکردن بووەتەوە، لە سایەى پێشمەرگە و هێزەکانى ئاسایش و ناوخۆ سەنگەرەکانى خوێندنیش چۆڵ نابێت و تەواوکەرى سەنگەرى پێشمەرگە دەبن بۆ پەروەردەکردنى ڕۆڵەکانى ئەم تێکۆشەرانە و گەلەکەمان بە گشتى.

ئەم قەیرانە داراییەى ڕووى لە جیهان و ناوچەکە و کوردستانیش کردووە و لە دەرەوی دەسەڵاتى حکومەت و هەموومانە، جگە لەوەى کاریگەریی لەسەر تەواوى ژیانى مامۆستایان و فەرمانبەران و کەرتەکانى دیکە کردووە، کاریگەریشى لەسەر هەندێ پڕۆژە و کارى وەزارەتى پەروەردە هەبووە،  بەڵام بە  هیوابوون بۆ داهاتوو، نابێت کار و بەرنامەکانى پەروەردە بوەستێت و بۆ ئەم مەبەستەیش لە ڕووى زانستى و هونەرى و کارگێڕییەوە هەنگاوى باش هاویشتراوە.

مامۆستایان، لە ڕووى داراییەوە لە ژیانێکى سەخت و دژواردان کە هیچ کەسێکى خاوەن ویژدان نییە درک بەم ئێش و ئازارەیان نەکات، سىەرەڕاى ئەمەیش ڕێگەیان نەداوە سەنگەرەکانى زانست چۆڵ بێت. ئێمە لە وەزارەتى پەروەردە خۆمان بە داکۆکیکار و بەرگریکارى مافەکانیان دەزانین و لەگەڵ هەموو خواستە ڕەواکانیانداین، پێویستە ئەم ناخۆشییەى ژیان و داخوازییەکانیان تێکەڵى هیچ جۆرە مەبەستێکى سیاسى نەکرێت بە تایبەتى لەم دۆخە هەستیارەى کە هەرێمى کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، چونکە ئەرکى مامۆستا و سەروەرییەکانى زۆر لەمانە گەورەترن. وەک وەزارەتى پەروەردە مامۆستایانى خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک و جێگرى ئەنجوومەنى وەزیران لە هەوڵى جددیدان تا بە پێى واقعى دارایی هەرێم مشووریان لێ بخۆن و ئەوەى لە توانادا هەبێت دریغی ناکەن.

لێرەدا شوێنى خۆیەتى ئاماژە بە هەڵوێستى جوامێرانەى وەزارەتى پێشمەرگە و ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان بکرێت کە سەرەڕاى ئەوەى بە گیانى خۆیان بەرگرى لە کوردستان و ئارامى هەموومان دەکەن و منداڵ و خێزان و کەسوکاریان بێبەش کردووە لە نازى باوکایەتى هاوسەریەتى و برایەتى.

 لە کۆتاییدا دەمانەوێت ئەوە ڕابگەیێنین کە لەسەر داواى ژمارەیەک لە پەروەردەى پارێزگا و قەزاکان، بڕیارمان دا زەنگی دەستپێکى دەوامى قوتابخانەکان و دابەشکردنی پەرتووکەکان لە ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١/١٠/٢٠١٦)ى زایینى بێت لە جیاتى (٢٧/٩/٢٠١٦)، بۆ ئەوەى خۆئامادەکردنى باشتر ئەنجام بدرێت. بەو ئومێدەى ساڵى نوێى خوێندن، ساڵى سەرکەوتنى پێشمەرگە و کوردستان و کۆتاییهاتنى ناخۆشییەکان بێت.

وەزارەتى پەروەردە

٢٦/٩/٢٠١٦