قەرەیلان: دوژمنان هەوڵدەدەن دەست لە دەستکەوتەکانمان وەربدەن بەڵام سەرناکەون
K24 - ھەولێر
موراد قەرەیلان، ئەندامی کومیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "تێكۆشانەکانمان گەیشتوەتە قۆناغی سەرکەوتن، زۆری نەماوە گەلی کورد مافەکانی دەستەبەر بکات، داگیرکاران هەوڵدەدەن دەست لە دەستکەوتەکانمان وەربدەن، بەڵام سەرناکەون، بۆیە لەم قۆناغەدا پێویستە هەموو وڵاتپارێزانی کورد و هێزە دیموکراتییەکانی تورک ئەرکیان بەجێ بێنن، پێویستە باشتر لە جاران خۆمان رێکخەین و پشتگیری مافەکانمان بکەین".
لەبارەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا قەرەیلان دەڵێ: " هەڵوێستی بەڕێز ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا روون و ئاشکرا بوو، پێی گوتین "ئێمە قۆناغی ئاشتیمان پێشێل نەکرد، بەڵکو دەوڵەتی تورکیا پێشێلی کرد، چارەسەریی لە یەک لایەنەوە ئەنجام نادرێت، ئەگەر دەوڵەت بیەوێت، ئێمە دەتوانین لە شەش مانگدا پڕۆژەی ئاشتی بەڕێوە ببەین و کێشەکان چارەسەر بکەین، هەڵوێستی ئێمە روونە، ئەگەر هێرش بکەنە سەرمان، بەرخودان دەکەین، پێویستە هەموو کەسێک تێکۆشان بکات".