پارتی: پاڵپشتی ته‌واوی داخوازی و داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانین
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له سلێمانی داوایه‌ك ئاراسته‌ی حكوومه‌ت ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، له پارێزگای سلێمانى، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، به‌ڵێن به خۆپیشانده‌ران ده‌دات پاڵپشتی ته‌واوی داخوازی و داواكارییه‌كانییان بێت.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتیدا، ئاماژه به‌وه كراوه، چین و توێژه‌كانی پارێزگای سلێمانی به شێوازێكی هێمنانه و مه‌ده‌نییانه بۆ داواكردنی مافه‌كانی خۆیان خۆپیشاندانییان ئه‌نجامدا.
له به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "هه‌موو لایه‌ك دڵنیاده‌كه‌ین كه پشتیوانی ئه‌و شێوازه مه‌ده‌نی و یاسایی و شارستانییه‌ی خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی خه‌ڵكین و به‌ڵێنیش به خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ده‌ڤه‌ره‌كه ده‌ده‌ین، كه به‌ڕێز و پێزانینه‌وه داكۆكی و پشتیوانی مافه یاسایی و ره‌واكانیان ده‌بین".
هه‌ر له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی، سوپاسی هێزه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ، پۆلیس و ئاسایش ده‌كات، كه كه‌شێكی ئارامییان بۆ خۆپیشاندانه‌كه دابین كردووه.
هه‌روه‌ها داوا له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات، رێكاری جدی و به په‌له بگرێته‌به‌ر، بۆ چاوخشاندنه‌وه و كۆتاییهێنان به‌و بارودۆخه سه‌خته داراییه‌ی خه‌ڵكی كوردستان.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی، وێرای سوپاسكردنی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌یان له سلێمانی، له پاراستنی باره‌گاكانی پارتی له پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، داواش له لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌رپرسانه مامه‌ڵه‌كه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دیالۆگ و یه‌كتر قه‌بوڵ كردن.
