باكوور داوای پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌كات

له‌ دژی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی توركیان له‌ رۆژئاوای كوردستان

K24 – هه‌ولێر

سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ـ SAMER له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی باكووری كوردستان راپرسییه‌ك سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی و پرسه‌ گرنگه‌كانی دیكه‌ ئه‌نجامداوه‌ كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری هاووڵاتییانی كورد له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتیدان و ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ توركیا هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئاكه‌په‌ ده‌نگه‌كانی له‌ باكووری كوردستان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

راپرسییه‌كه‌ له‌ 16 شاری باكووری كوردستان  ئه‌نجام دراوه‌ كه‌  85.3% به‌شدارانی راپرسییه‌كه‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ پرۆشه‌ی ئاشتی ده‌كه‌ن و 85% سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی توركیا نیگه‌رانن و زۆربه‌ی به‌شداربووانی راپرسییه‌كه‌ پێیان وایه‌ كێشه‌ی كورد گه‌وره‌ترین كێشه‌ی توركیایه‌.

ته‌نیا 33.4% پشتگیری له‌ باری نائاسایی ده‌كه‌ن كه‌ پاش كوده‌تای 15 ته‌موز راگه‌یه‌نراوه‌ و 68% داوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئاماده‌كردنی ده‌ستووری نوێ كه‌ پیویسته‌ هه‌ده‌په‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كان ببێت.

هه‌ر به‌پێی راپرسییه‌كه‌ 60% له‌ دژی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی توركیان له‌ سوریا (رۆژئاوای كوردستان).

راپرسییه‌كه‌ له‌ كۆتاییدا بواری رێژه‌ی ده‌نگی حزبه‌كان له‌ باكووری كوردستان وروژاندووه‌ كه‌ 50% به‌شداربووانی راپرسییه‌كه‌ ده‌نگ به‌ هه‌ده‌په‌ ده‌ده‌ن و 23% ده‌نگ به‌ ئاكه‌په‌ ده‌ده‌ن و 2.9% ده‌نگ به‌ جه‌هه‌په‌ و 1.1% ده‌نگ به‌ مه‌هه‌په‌ ده‌دن.

له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی توركیا، مانگی تشرینی دووه‌می 2015، رێژه‌ی ده‌نگی هه‌ر یه‌ك له‌و سێ پارته‌ له‌ باكووری كوردستان به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ بوو‌:

هه‌ده‌په‌ 49%

ئاكه‌په‌ 25.7%

جه‌هه‌په‌ 2.4%

مه‌هه‌په‌ 0.7%