شاندی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی سەردانی بەغدا دەكەن
K24 – ھەولێر
بڕیارە سبەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێكی باڵای لایەنە سیاسییەكان سەردانی بەغدا بكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24 راگەیاند: "ژمارەیەك لە سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكان لەم سەردانەدا یاوەری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەبن و ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ و پرسی سەربەخۆیی كوردستان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی ھەرێمی كوردستان و بەغدا دەبێت".
سەبارەت بەو سەركردانەی لە لایەنە سیاسییەكان یاوەری بارزانی دەبن لەم سەردانە گوتی: "ھەریەك لە كۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەڵاحەدین بەھائەدین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی و محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، یاوەری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكەن و بەشدار دەبن لە گفتوگۆكان.