سەردار قادر: بۆ گەیاندنی پەیامی خۆپێشاندەران لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی كۆدەبمەوە

K24 – سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی بەوەكالەت رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ گەیاندنی پەیامی خۆپێشاندەران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت كۆدەبێتەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی كوردستان24، سەردار قادر پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت گوتی: "ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانم و بڕیارە كەمێكی دیكە لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی كۆدەبمەوە و پەیامی خۆپێشاندەرانیان پێدەگەیەنم".

رۆژی 27 ئەم مانگە سەردار قادر چووە ناو خۆپێشاندەرانی شاری سلێمانی و بەڵێنی پێدان كە پەیامی ئەوان بگەیەنێتە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و داكۆكی لە مافەكانیان بكات.