لەسەر گیان لەدەستدانی كوڕەكەیان سكاڵا دژی دكتۆر تۆمار دەكەن
بەڕێوەبەری نەخۆشخانە: لێكۆڵینەوەمان كردووە ھیچ ھەڵەیەك لەلایەن دكتۆر رووینەداوە
K24 – سۆران
گەنجێكی دانیشتووی ناحیەی سیدەكان بەناوی دڵدار رەشید تەمەن 19 ساڵ لە كاتی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەكی قەزای سۆران گیان لە دەستدەدات، كەسوكاری ئەو گەنجە گومانیان ھەیە بە ھەڵە نەشتەرگەری بۆ كرابێت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش دەڵێ، لێكۆڵینەوەمان كردووە ھیچ ھەڵەیەك لە لایەن دكتۆرەكە رووینەداوە.
حاجی محەمەد كەسی نزیك لەو گەنجە بە ماڵپەڕی كوردستان24 گوت: "كوڕەكەیان كە چووەتە نەخۆشخانە باری تەندروستی ھێندە خراپ نەبووە كە گومانی گیان لەدەستدانی لێ بكرێت، ئێمە بۆیە گومان لەوە دەكەین بە ھەڵە نەشتەرگەری بۆكرابێت، چونكە پێشتر بڕیاربوو دكتۆرێكی دیكە نەشتەرگەری بۆ بكات، بەڵام دكتۆرەكە گۆڕاوە".
گوتیشی: "لە دادگا سكاڵا لەسەر ئەو دكتۆرە تۆمار دەكەین".
دكتۆر كاروان جەمال بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بە كوردستان24 راگەیاند: "لێكۆڵینەوەیان لە ھۆكاری گیان لە دەستدانی ئەو گەنجە كردووە و ھیچ ھەڵەیەك لە لای دكتۆر رووینەداوە، بەڵكو چیسی ئاو لەناو ریخەڵەی ھەبووە و تەقیووە، ئەمە بووەتە ھۆی گیان لە دەستدانی".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر خێزانی ئەو گەنجە باوەڕیان بە لێكۆڵینەوەی نەخۆشخانە نییە و سكاڵا تۆمار دەكەن ئەوا دەكرێت لیژنە لە وەزارەتی تەندروستی پێك بھێنرێت".
