ھەپەگە: زیاتر لە 30 سەربازی توركیامان كوشتووە

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) باڵی سەربازی پەكەكە رایگەیاند، لە شەڕەكانی ئەم دوایەی چەند ناوچەیەكی باكووری كوردستان زیاتر 30 سەربازی توركیان كوشتووە.

لە راگەیاندراوێكدا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە٧ ئاشكرای دەكات: "لە 7 ئەم مانگەدا لە چەند کات و شوێنی جیاواز لە جۆلەمێرگ، قەڵا پەترۆت، قەڵا مێرگانش، ئەلباکێ، چەند شەڕێکی جۆراوجۆر دەرکەوتن و لە ئەنجامی ئەم شەڕانەشدا لانی کەم 8 سەرباز کوژران. لە هەمان رۆژ ئەو ناوچانە بە فڕۆکە بۆمبباران کرا".

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ھەپەكە ئاماژەی بۆ ئەوەداوە لە رۆژی 5 ئەم مانگەدا، لە گوندەکانی کاربلیا، نگانی، ئاشکیتا، کارخپولای باشقەڵا، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، هێزەکانما هێرشیان بۆ بردن و دوو بنکەی سەربازی کە لەو ناوچەیە دروست کرابوون بەتەواوی تێکشکێندراون، لە ئەنجامی ئەو شەڕەشدا 3 سەرباز کوژراون و 2 دیکەش بریندار بوون".

ھەپەگە ئەوەشی خستوەتەڕوو: "لە قۆڵێ ئۆپەراسیۆنی ئاشکیتا، لە کاتژمێر 11 تا کاتژمێر 4 دوای نیوەڕۆ کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ئێمە و لە ئەنجامی ئەو شەڕەشدا 5 سەرباز کوژراون، سوپای تورکیا بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش کوژراو بریندارەکاینان گواستەوە بۆ ئەلباک، لەو شەڕەشدا گەریلایەکی ئێمە شەهید بوو، ئەو ئۆپەراسیۆنە دوێنێ 8 تشرینی یەکەم کۆتایی پێهاتووە".

 لە كۆتایی راگەیاندراوەكەدا ھەپەگە باسی لەوەكردووە لە ئاگری بەهۆی چەند شەڕ و پێکدادانێکی دیکە 13 سەرباز کوژراون، لە ناوچەکانی گردی توتەک و تەندوورەکی ئاگری، هەروەها لە وێرانشاریش 2 ئەندامی تیپی تایبەت کوژراون".