پەکەکە لە شرنەخ هێرش دەكاتە سەر بنکەیەکی سەربازی

K24 - ھەولێر

لە ناوچەی ئێلكی باكووری كوردستان گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ھێرشیان كردە سەر ھێزێكی سوپای توركیا و لە ئەنجامدا سەربازێك كوژرا و چوار سەرباز و جەردەوانێكیش بریندار بوون.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ لە ناوچەی ئێلكی سەر بە پارێزگای شرنەخ، گەریلاكانی پەكەكە ھێرشێكی بۆمبییان كردووەتە سەر بنكەیەكی سەربازی توركیاو و شەرێكی سەخت لەنێوان ھەردوولا روویدا، لە ئەنجامدا سەربازێك كوژرا و 4 سەرباز و جەردەوانێكیش بریندار بوون، دوای ئەمەش سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە ناوچەكە دەستیپێكرد.

بە گوێرەی زانیارییەكان گەریلاكانی پەكەكە ھێرشەكانیان لە ناوچە سنوورییەكانی باكووری كوردستان چڕتركردووەتەوە و لەبەرامبەریشدا سوپا و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیان لە چەند ناوچەیەك دەستپێكردووە و قەدەخەی ھاتووچۆش لە زۆرێك لە گوند و ئاواییەكان راگەیاندراوە.