ورده‌كارییه‌كانی یه‌كه‌م رۆژی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ
پانۆرامای رۆژی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ (قۆناخی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆن)
K24 – هه‌ولێر
رۆژی دووشه‌ممه 17-10-2016 چوار هه‌زار پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراقی له میحوه‌ره‌كانی خارز و باشیك و باشووری موسڵ به‌شداری رۆژی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ (قۆناخی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆن) بوون و قورسایی رۆژی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به زۆری له میحوه‌ری خازر بوو، هێزه به‌شداربووه‌كانی هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆن نزیكی قه‌زای حه‌مدانییه بوونه كه ده‌كه‌وێته 25 كیلۆمه‌تری رۆژهه‌ڵاتی موسڵ.
به‌پرسانی پێشمه‌رگه له به‌ره‌كانی شه‌ڕ رایانگه‌یاند ته‌واوی ئه‌و پلانه‌ی كه بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دانرابوو 100% جێبه‌جیكراوه، كه له كۆنترۆڵكردنی 40 كیلۆمه‌تری دووجا و رزگاركردنی هه‌ر نۆ گوندی "بدنة الكبرى" و"بدنة الصغرى" و"شاقولي" و"باصخرة" و"شيخ أمير" و"ترجلة" و"بازكردان" و"كابرلي" و "خرابه سوڵتان" پێكهاتووه.
له رۆژی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ پێنج پێشمه‌رگه شه‌هید بوون و 10 پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌شی بریندار بوون كه یه‌كێ له برینداره‌كان "شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سووڵ" ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه و ئه‌و پێشمه‌رگانه‌شی سه‌ر به لیوای سێی تایبه‌تی كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی یه.
راگه‌یاندنی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆن
ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ به په‌یامی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ستیپێكرد كه له وته‌یه‌كدا ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵی راگه‌یاند و گوتی ته‌نیا سوپا و پۆلیس ده‌چنه ناو سه‌نته‌ری شار، داواشی له خه‌ڵكی موسل هاوكاری هێزه عێراقییه‌كان بكه‌ن.
له هه‌رێمی كوردستان، فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵی راگەیاند و ئاشكرای كرد: " نزیکەی کاتژمێر 06:00 رۆژی 17 ئۆکتۆبەری 2016 پرۆسەیەکی فراوانی هێزی پێشمەرگە لە خازر لە رۆژهەڵاتی موسڵ، بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق لە گوێڕ و گەیاڕە لە باشووری موسڵ دەستپێدەکات، وەک قۆناغی یەکەمی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش".
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له میحوه‌ری خارز به كوردستان24 رایگه‌یاند ئه‌مڕۆ هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ بوو كه له میحوه‌ری خازر ده‌ستیپێكرد و هه‌موو هێزه‌كانی ئه‌م میحوه‌ره له پێشڕه‌وی دان و شكاندنی ئه‌و هێڵه به‌رگرییه كه داعش له‌م ناوچه‌یه دروستكردووه، به كارئاسانییه‌كی زۆر به‌ناو كرد بۆ ئازادكردنی موسڵ و ئه‌و هێزانه‌ی كه دواتر به‌ره‌و موسڵ ده‌چن.
چه‌ند كاتژمێك پاش ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ هه‌واڵی تێكشاندنی هێڵی پێشه‌وه‌ی به‌رگری داعش له میحوه‌ری باشیك له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه بڵاو بووه‌وه.
میحوه‌ری باشووری موسڵ
داعش له میحوه‌ری باشووری موسڵ راده‌كات و به‌رگرییه‌كانی داعش له موسڵ رووخاون، ئه‌وه وته‌ی پۆلیسی فیدراڵی عێراق بوو كه ئه‌مرۆ له رۆژی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆن بڵاو بووه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی كه هیزه‌كانیان له بنكه‌ی گه‌یاره به‌ره‌و موسڵ پێشڕه‌وییان كرد.
یه‌كه‌مجار حه‌شدی شه‌عبی به تۆپباران به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنی موسڵی كرد و بڕیاره له رۆژانی داهاتوو له میحوه‌ری باشوور به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ بكات.
هه‌ر له رۆژی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، به‌رپرسێكی باڵای ئه‌منی داعش له ناوچه‌ی "ئه‌لحود" له باشووری موسڵ له میانه‌ی ئۆپراسیۆنێكی هێزه عێراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی كوژرا.
رۆڵی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان
ئه‌مریكا له رۆژی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ به تۆپباران و بۆردومان به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ بوو.
ئه‌مریكا له بنكه‌ی سه‌ربازی گه‌یاره به موشه‌كی هۆشمه‌ند بنكه‌كانی داعش له‌ناو موسڵ تۆپباران كرد و پێش ده‌ستێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵیش له باشیك بنكه‌كانی داعش له موسڵ و ده‌وروبه‌ری تۆپباران كردبوو.
فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان به درێژایی رۆژی یه‌كه‌م له ئاسمانی ناوچه ده‌سوڕانه‌وه و به بوردمانكردنی ئامانجه‌كانی داعش و پشتگیری هه‌وایی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و عێراقی به‌شداری ئۆپه‌راسیۆن بوون.
باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق دۆگلاس سیلیمه‌ن له په‌یامێكی ڤیدیۆییدا پشتگیری وڵاته‌كه‌ی بۆ ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵی راگه‌یاند و پێداگری له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی هه‌وڵه‌كانی واشنتۆن بۆ یارمه‌تی مرۆڤی و دووبار بنیاتنانه‌وه‌ی ژیان له عێراق كرد، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی له ژێر ده‌ستی داعش رزگار كراون.
فه‌رمانده‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی داعش ستیفن تاونسێند رایگه‌یاند ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ كه له لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقی بۆ گرتنه‌وه‌ی شاری موسڵی ده‌ستیپێكردووه بۆ ماوه‌ی چه‌ندین هه‌فته و ره‌نگه زیاتریش ده‌خایه‌نێت.
ره‌وشی ناو موسڵ
چه‌كدارانی داعش له ناو شاری موسڵ رێگه‌یان نه‌دا خه‌ڵك بچنه ناو مزگه‌وته‌كان و كردوویانه به حه‌شارگه‌ی چه‌كداره‌كانیان و كۆگا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی.
داعش سه‌رهه‌ڵدانێكی ناو موسڵ سه‌ركوت كرد و 58 كه‌س به تۆمه‌تی به‌شداریكردن له پلانی یاخیبوون له سێداره‌ی دا، ئه‌وه له یه‌كه‌م رۆژی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ سه‌رنجی هه‌موو لایه‌ك راكێشا كه به‌شدارانی پلانه‌كه نییه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بوو شاری موسڵ راده‌ستی هێزه‌كانی عێراقی بكه‌ن و یاریده‌رێكی خوجێی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی به‌شداری ئه‌و پلانه ببوو و به وته‌ی خه‌ڵكی موسڵ، یاخیبووانی داعش خراونه‌ته ناو گۆڕێكی به كۆمه‌ڵ.
ئه‌مریكا پێشوازی كرد و روسیا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دڵگرانن
له كاتێكدا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێشوازی له ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵی كرد، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و روسیا نیگه‌رانی خۆیان سه‌باره‌ت به زیانی هاووڵاتیانی سڤیل ده‌رده‌بڕی و داوایان كرد به هۆشیارییه‌وه هه‌نگاو بگرنه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانی قوربانیانی سڤیل كه 1.5 ملیۆن هاووڵاتی له‌ناو شاری موسڵ ماون و مه‌ترسی هه‌یه داعش وه‌ك قه‌ڵغانێكی مرۆیی به‌كاریان بهێنێت.
چاوی دونیا له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ بوو
له رۆژی یه‌كه‌می ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ له میحوه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه، ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌واڵ و میدیاكانی جیهانی و ناوچه‌یی سه‌رنجی خوێنه‌رانیان بۆ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ و پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌ره‌و ده‌روازه‌كانی شاری موسڵ بۆ لای خۆیان راكێشا.
زۆرێك له میدیا جیهانییه‌كان وێنه‌كانی كوردستان24 بۆ هه‌واڵه‌كانیان بڵاو كرده‌وه، كه تیمی كوردستان24 له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ بوون.
پێشمه‌رگه شه‌ڕی ماڵ به ماڵ ده‌كات، ئاشكراكردنی تونێله‌كانی داعش، تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكانی داعش، ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژكراوه‌كانی داعش و چه‌ندین وێنه‌ی دیكه‌ی پێشڕه‌وییه‌كانی پێشمه‌رگه، كه له شاشه‌ی كوردستان24 بڵاو كراونه‌ته‌وه، زۆرترین خوێنه‌ری له سۆشیال میدیای كوردستان24 هه‌بوو.
هه‌ڵوێستی توركیا
سه‌رۆك كۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ رایگه‌یاند نه‌ك ته‌نیا هێزه‌كانمان له باشیك ناكێشیننه‌وه، به‌ڵكو به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنی موسڵیش ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر مێزی دانوستان ده‌بین و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه نامینین.
گوتیشی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای وڵاته‌كه‌ی له ئه‌مریكایه و له‌گه‌ڵ هاوتاكه‌ی كۆ بووه‌وه و ئه‌و هه‌نگاوانه كه ده‌گرینه به‌ر به لایه‌نی ئه‌مریكی راگه‌یاندووه.