هەولێر.. خانمە هونەرمەندێک داهاتی تابلۆکانی دەبەخشێت
لەیلا ڕەمەزان، خانمە هونەرمەندی بواری مۆزایک، دوای چەندین مانگ ماندووبوون بە دانانی وردی پارچە شووشەکان، 16 تابلۆی دەستکردی لە پێشانگەیەکدا لە هەولێر نمایش کرد؛ هاوکات ڕایدەگەیەنێت تەواوی داهاتی فرۆشتنی تابلۆکانی دەبەخشێتە نەخۆشان و خەڵکی کەمدەرامەت.
لەیلا ڕەمەزان، کە لە جیهانی هونەردا بە لیلۆ بارزانی ناسراوە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی لە فرۆشتنی بەرهەمە هونەرییەکانی، دەستکەوتی مادی بۆ خۆی نییە، بەڵکو گوتی: بە پشتیوانیی خودا، داهاتی هەر تابلۆیەک لەم پێشانگەیەدا بفرۆشرێت، پێشکەشی نەخۆشێک یان کەسێکی هەژار و پێویستی دەکەم.

ئەم خاتوونە هونەرمەندە ماوەی چوار ساڵە لە بواری هونەری مۆزایکدا کار دەکات. پێشانگە نوێیەکەی لە شاری هەولێر نزیکەی 16 تابلۆ لەخۆدەگرێت کە بە کارکردنێکی دەستیی زۆر ورد و تاقەتپڕووکێن دروستکراون؛ تەواوکردنی تابلۆ بچووکەکان نزیکەی چوار مانگ و بەرهەمە گەورە و ئاڵۆزەکانیش تا ساڵێکی تەواوی کاتی بردووە. بەپێی کاتژمێری کارکردن، بەرهەمهێنانی هەندێک لە تابلۆکان سەدان کاتژمێری خایاندووە و یەکێک لە تابلۆکانیش نزیکەی هەزار و 900 کاتژمێر کاری پێوە کراوە.
لەیلا ڕەمەزان لەبارەی شێوازی کارەکانیەوە ڕوونی کردەوە، سەرەتا بەو کاشی و مۆزایکە ئاساییانە دەستی پێکردووە کە لە حەوزەکاندا بەکاردێن، بەڵام دواتر شێوازی کارکردنی بەرەوپێش بردووە و ڕووی لە بەکارهێنانی شووشەی تیفانی کردووە، بۆ ئەوەی ڕەنگ و ڕەنگدانەوەی ڕووناکیی تایبەتتر و سەرنجڕاکێشتر بە تابلۆکانی ببەخشێت.

ئەو ماندووبوون و کاتە زۆرەی لە دروستکردنیاندا تەرخان کراوە، لە نرخی تابلۆکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە؛ لەیلا ڕەمەزان باسی لەوە کرد نرخی تابلۆکانی لە 10 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و بەپێی قەبارە و وردەکارییەکەی بەرزتر دەبێتەوە. سەبارەت بە نرخەکانیش گوتی: نرخەکان بەرزن چونکە کارەکە زۆر سەخت و پڕ لە زەحمەتە، جگە لەوەش ئەم جۆرە تابلۆ دەستییانە لە سەرانسەری جیهانیشدا بەهایەکی زۆریان هەیە.
بەم پێشانگەیە، ئەو خانمە هونەرمەندە دوو ئامانجی پێکەوە گرێداوە؛ لە لایەک نمایشکردنی هونەرێکی دەستیی ناوازە کە چوار ساڵ لە تەمەنی بۆ تەرخان کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە گۆڕینی بەرهەمی ئەو ماندووبوونە بۆ دەستێکی خێرخوازی بۆ پشتیوانیکردنی نەخۆشان و خێزانە کەمدەرامەتەکان.


