بارزانی لەبارەی پەلاماردانی كەركووك پەیامێك بڵاودەكاتەوە

"هەر لە سەرەتای پەلامارەكەی رۆژی هەینی بە وردی بەدواداچوونم بۆ دۆخەكە كردووە و بەڕێز جێگری سەرۆكی هەرێم و پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیم ڕاسپاردووە"

K24 – ھەولێر

مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، پەیامێك لەبارەی پەلاماردانی شاری كەركووك لەلایەن چەكدارانی داعش بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: "هەر لە سەرەتای پەلامارەكەی رۆژی هەینی بە وردی بەدواداچوونم بۆ دۆخەكە كردووە و بەڕێز جێگری سەرۆكی هەرێم و پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیم ڕاسپاردووە كە بە پەلە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و ئەو بەڕێزانە دەستەڵاتی تەواویان هەیە كە رێوشوێنی پێویست بۆ پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنیی شارەكە و سنووری پارێزگای كەركووك بگرنە بەر".

لە پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستاندا ھاتووە: "هاووڵاتیانی شاری كەركووك و هەموو گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە پشت بە خوای مەزن بە ئیرادەیەكی بەهێز  و بە یەكڕیزیی پێشمەرگە و جەماوەری دڵسۆز ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەوەستینەوە و هەوڵەكانیان تێكدەشكێنین".

دەقی پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سەبارەت بە پەلاماری ڕۆژی هەینی 21ـی 10ـی 2016 بۆ سەر شاری كەركووك سوپاسی خۆڕاگری و هاوكاریی دانیشتوانی خۆشەویستی شاری كەركووك و دەزگە ئەمنییەكان دەكەم و پرسە و سەرەخۆشیی خۆم بۆ كەسوكاری شەهیدانی پەلامارە تیرۆریستییەكە ڕادەگەیێنم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.

ئەو پەلامارە هەوڵێكی بێهوودەی تیرۆریستانە بۆ قەرەبووی شكستەكانیان لەبەرانبەر پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ. لەگەڵ ئەوەیش هاووڵاتیانی شاری كەركووك و هەموو گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە پشت بە خوای مەزن بە ئیرادەیەكی بەهێز  و بە یەكڕیزیی پێشمەرگە و جەماوەری دڵسۆز ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەوەستینەوە و هەوڵەكانیان تێكدەشكێنین.

هەر لە سەرەتای پەلامارەكەی ڕۆژی هەینی بە وردی بەدواداچوونم بۆ دۆخەكە كردووە و بەڕێز جێگری سەرۆكی هەرێم و پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیم ڕاسپاردووە كە بە پەلە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و ئەو بەڕێزانە دەستەڵاتی تەواویان هەیە كە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنیی شارەكە و سنووری پارێزگای كەركووك بگرنە بەر و ئەویش لەپێناو پاراستنی كەركووك و هاووڵاتیانی سنووری ئەو پارێزگایە و ڕێگەگرتن لە پەلامار و دەستدرێژی تیرۆریستان و هەر ڕووداوێكی نەخوازراوە. بە هەر نرخێك بێت كەركووك پارێزراو دەبێت و ناكەوێتەوە دەستی دوژمنان.

مسعود بارزانی

22ـی 10ـی 2016