هه‌ولێر گه‌وره‌ترین ماراتۆنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌گرێته خۆی
كوردستان24 زۆرترین زانیاری له باره‌ی مارتۆنه‌كه‌ی ئه‌مساڵ ده‌خاته ڕوو
K24 ـ هه‌ولێر
ناونووسین بۆ مارتۆنه‌كه‌ی هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وامه و كه بڕیاره رۆژی هه‌ینی داهاتوو به‌ڕێوه بچێت، به گوێره‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی ماراتۆنه‌كه خه‌ڵكانێكی زۆر له وڵاتانی ئه‌ورووپا بۆ به‌شداریكردن له ماراتۆنه‌كه هاتوونه‌ته هه‌ولێر و گۆڕانكاری گه‌وره‌ش له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه چوونی ماراتۆنه‌كه كراوه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 26 ئۆكتۆبه‌ری 2016، عه‌بدولستار عیسمه‌ت، سه‌رۆكی رێكخراوی ماڕاتۆنی هه‌ولێر بۆ وه‌رزش و ئاشتی، به كوردستان24ـی راگه‌یاند كه له مارتۆنه‌كه‌ی ئه‌مساڵ هه‌ر وه‌رزشوانێك ئامێرێكی ئه‌لێكترۆنی هه‌ڵگرتووه كه تێیدا هه‌ر جۆره سه‌رپێچی و لادانێك له رێنماییه‌كان و فریودانێك رووبدات ئه‌م ئامێره ناوبژیوانانی ماراتۆنه‌كه ئاگادار ده‌كاته‌وه.
كاتی ده‌ستپێكی به‌ڕێوه‌چوونی مارتۆنه‌كه
ساڵانه ئه‌م ماڕاتۆنه له مانگی 10 به‌ڕێوه ده‌چێت، ماراتۆنه‌كه‌ی ئه‌مساڵیش له ژێرناونیشانی (به‌ره‌و ئاشته‌وایی نیشتیمان هه‌موومان راده‌كه‌ین بۆ ئاشتی) له رۆژی هه‌ینی ده‌بێت، ماراتۆنه‌كه وه‌ك ساڵانی پێشوو له شه‌قامی 60 مه‌تری، به 3 قۆناخ ده‌ست پێده‌كات، قۆناخی یه‌كه‌م له كاتژمێر 8:00ـی به‌یانی ده‌بێت كه جۆری ماراتۆنی (42) كم كه ماراتۆنی ته‌واوی پێ ده‌ڵێن، هه‌روه‌ها قۆناخی دووه‌می ماراتۆنه‌كه ماوه‌كه‌ی (10) كم ده‌بێت، قۆناخی سێیه‌می ماراتۆنه‌كه تایبه‌ته به هه‌موو چین و توێژه‌كان ماوه‌كه‌ی (5) كم ده‌بێت و له كاتژمێر 9:30 ده‌ست پێده‌كات و هه‌موو چین و توێژه‌كانیش ده‌توانن به‌شداری بكه‌ن.
خه‌ڵاته داراییه‌كان
مارتۆنی ئه‌مساڵ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له لایه‌ن كۆمپانیاكانی (سپرایت، داون تاون و كۆره‌ك تیلیكۆم) سپۆنسه‌ری ده‌كرێت، براوه‌كانی ماراتۆنه‌كه خه‌ڵاتی دارایی ده‌كرێن كه كۆی گشتی خه‌ڵاته داراییه‌كان ده‌گاته 7 هه‌زار دۆلار.
به گوێره‌ی سه‌رۆكی رێكخراوی ماراتۆنه‌كه‌ش بێت زیاتر له 5000 هه‌زار كه‌س به‌شداری ده‌كه‌ن و 400 كه‌سیش له خه‌ڵكی بیانی كه زۆرینه‌یان له وڵاتانی ئه‌ورووپاوه هاتوون به‌شداریی له ماراتۆنه‌كه ده‌كه‌ن.
