نێچيرڤان بارزانى: هه‌رێم له‌ قۆناغى دواى مووسڵ نيگه‌رانه‌

ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران سووپاسى حه‌يده‌ر عه‌بادى و وه‌زيرى بازرگانى عێراق ده‌كات.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان نێچيرڤان بارزانى له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى حكومه‌تدا، رايگه‌ياند، هه‌رێم له‌ قۆناغى دواى مووسڵ نيگه‌رانه‌.

نێچيرڤان بارزانى گوتيشى: هه‌رێمى كوردستان پێى وایه‌ ده‌بێ رێككه‌و‌تنێكى سیاسى له‌سه‌ر قۆناغى دواى مووسڵ بكرێت.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زيران رايگه‌ياند، به‌ هۆى قه‌يرانى داراييه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان ناتوانێت وه‌ك پێويست كۆمه‌كى فرياگوزارى پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كانى مووسڵ بكات.

ماڵپه‌ڕى حكومه‌ت بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ پرسى شايسته‌ داراييه‌كانى جوتيارانيش، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیرى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا حكوومه‌تى عێراق بڕى‌ 309 ملیار دینارى پاره‌ى جووتیارانى هه‌رێمى كوردستانى ناردووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ نیوه‌ى شایسته‌ى جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ردوو ساڵى 2014 و 2015 و كاریگه‌ریى ئه‌رێنى له‌سه‌ر زیاتر 100 هه‌زار خێزان ده‌بێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌مه‌ى به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌ و سوپاسى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى بازرگانیى عێراقى كردووه‌ و داواشى كردووه‌، حكوومه‌تى به‌غدا ئه‌و نیوه‌یه‌یشى كه‌ ماوه‌ له‌گه‌ڵ شایسته‌ى جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌مساڵى 2016 بنێرێت.