رۆژنامه‌وانێكی ئه‌مه‌ریكی باس له سه‌ربازگه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات له نزیك مووسڵ
گه‌شتێك بۆ شاری مووشه‌ك
K24 - هه‌ولێر:
چه‌ند مانگێك به‌ر له ئێستا، فڕۆكه‌خانه‌ی گه‌یاره، كه ده‌كه‌وێته باشووری مووسڵ، حه‌شارگه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوه داعش بوو.
به گوێره‌ی راپۆرتی لاڤدی مۆریس، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی رۆژنامه‌ی "واشنتۆن پۆست" له به‌غدا، ئێستا، بووه‌ته بنكه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی و ده‌یان سه‌ربازی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی تێدایه به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و هاوكاری و راوێژی سه‌ربازی، پێشكه‌ش به هێزه عێراقییه‌كان ده‌كات.
گه‌شت بۆ Q-West
مۆریس ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ دوو رۆژنامه‌وانی دیكه، رۆژی سێشه‌ممه 25ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2016، گه‌شتێكی به‌نێو سه‌ربازگه‌كه‌دا كردووه، كه به Q-West ناسراوه.
ئه‌و رۆژنامه‌وانه له راپۆرته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "به‌ر له ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، ناوبه‌ناو ئه‌و بنكه سه‌ربازییه، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه هاوه‌نباران ده‌كرا، هه‌رچه‌نده ئێستا چه‌كدارانی داعش پاشه‌كشه‌یان كردووه، به‌ڵام به گوێره‌ی لێدوانی لیوا كریس پاركه‌ر، گوته‌بێژی فه‌رمی به ناوی هاوپه‌یمانی نیوده‌وڵه‌تی، تا ئێستاش مه‌ترسی دوژمن له‌سه‌ر ئه‌و بنكه سه‌ربازییه ماوه".
ژماره‌ی سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییه‌كان
به گوێره‌ی راپۆرتی مۆریس، سوپای ئه‌مه‌ریكا ژماره‌ی سه‌ربازانی به وردی ئاشكرا نه‌كردووه، به‌ڵام مۆریس, كه به یاوه‌ری لیوا كریس پاركه‌ر گه‌شته‌كه‌ی به‌ناو سه‌ربازگه‌كه‌دا كردووه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه ژماره‌یان كه‌متر له هه‌زار سه‌رباز ده‌بێت.
له راپۆرته‌كه‌دا مۆریس ده‌ڵێت: " له‌گه‌ڵ لیوا كریس پاركه‌ر، به ئۆتۆمبێلێكی گه‌وره، كه به‌رگه‌ی ئه‌وه ده‌گرێت بۆمبی چێندراوی پێدا بته‌قێته‌وه، به ته‌واوی سه‌ربازگه‌كه‌دا سووڕاینه‌وه و هه‌موو شوێنهكانمان بینی، كه رووبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی 15 میل ده‌بێت".
مۆریس له راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت: "چه‌كدارانی داعش دیواره چیمهنتۆییهكانییان روخاندبوو، به‌ر له‌وه‌ی شوێنه‌كه جێبهێڵن، ته‌واوی مه‌دره‌جی فڕۆكه‌خانه‌كه‌یان هه‌ڵكۆڵیبوو و بۆمبى چێندراوییان تێدا دانابۆوه، به‌ڵام ئێستا به هاوكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه، پێشتریش ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه، دوای 2003 له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه به‌كارهێنراوه".
به گوێره‌ی راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كه، جیا له ئاڵوگۆڕی زانیاری هه‌واڵگری و هه‌ماهه‌نگیكردن بۆ وه‌شاندنی گورزه‌ی ئاسمانی، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا، به تۆپهاوێژه‌كان پاڵپشتی پێشڕه‌ویكردنی هێزه عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن.
شاری مووشه‌ك
له نزیك یه‌كێك له خێوهتهكان، لافیته‌یه‌ك دانراوه و له‌سه‌ری نووسراوه "شاری مووشه‌ك"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ دانانی سیسته‌می مووشه‌كی جۆر HIMARS و له‌وێوه هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان مووشه‌ك ئاراسته‌ی ناو مووسڵ ده‌كه‌ن".
ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، گه‌وره‌تری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه له دوای 2003 و پاركهس ده‌ڵێت: "ئێمه باس له ئازادكردنه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی شارستانی گه‌وره ده‌كه‌ین و ئهركهكانیشمان پێشكه‌شكردنی راوێژ و ئامۆژگاری سه‌ربازییه".
له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، چه‌كدارانی داعش هه‌وڵده‌ده‌ن شه‌ڕ له ده‌ره‌وه‌ی مووسڵ بهێڵنه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌و ماوه كه‌مه‌دا، ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر كرده‌وه‌ی خۆكوژییان ئه‌نجامداوه و ئاگرییان له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ناوچه‌كه و كارگه‌ی كبریت به‌رداوه.