گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی مالیكی دەداتەوە

ئەو تاوان و ناپاكییەی مالیكی لە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجامی داوە لە تاوانەكانی عەلی حەسەن مەجید كەمتر نییە

K24 - هه‌ولێر:

گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ڵامی نووری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ده‌داته‌وه‌ و كه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا چه‌ند لێدوانێكی له‌ باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ داوه‌.

له‌ به‌شێكی وه‌ڵامه‌كه‌دا هاتووه‌: "نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانون لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی یوونیوز هەندێ بۆچوون و قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان خستووەتەڕوو".

ده‌قی وه‌ڵامه‌كه‌ی گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی:

گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی قسەكانی مالیكی دەداتەوە.

نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانون لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی یوونیوز هەندێ بۆچوون و قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان خستووەتەڕوو.

لای هەموو هاووڵاتیانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی مالیكی لە تاییفەگەری و گەندەڵی و تێكدانی شیرازەی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عێراق ڕوون و ئاشكرایە. لەگەڵئەوەیشدا لە وەڵامی زێدەڕۆییەكانیدا دەڵێین كە:

ئەو پیاوێكی بێ وەفایە، ئەو چاكەیەی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەتی پارتی لە پێش و دوای 2003 بۆ مالیكی كردوویانە هیچ كەسێك و لایەنێك نەیكردووە. لەبەرانبەردا ئەو تاوان و ناپاكییەی مالیكی لە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجامی داوە لە تاوانەكانی عەلی حەسەن مەجید كەمتر نییە. لە قسەكانیدا بەرانبەر ئەمەریكییەكانیش بێ وەفایە ئەگەرچی سەروەختێك كوڕە بەنازەكەی ئەوان بوو.

هەروەها لە چاوپێكەوتنەكەدا باسی ئیسرائیلیش دەكات ئەوە لە كاتێكدایە هەمیشە مەمنوونی ئەوە بووە ئیسرائیل مەرحەبای بكات، نەشمانزانیوە ئیسرائیل نانی خەڵكی بڕیبێت.

لە سەردەمی دەستەڵاتداریی مایەپووچی خۆی سوپایەكی كارتۆنی دروست كرد كە لەبەرانبەر داعشدا دوو كاتژمێر خۆی نەگرت و نیوەی عێراقی بەخشییە داعش بە چەك و كەلوپەلی 6 فیرقەی سەربازی. سوپایەكی دروست كرد كە وەلائی بۆ نیشتیمان نەبوو و بە دوژمنایەتیی پێشمەرگە گۆشی كردبوو. ئێستا چاوی بەوە هەڵنایەت كە سوپای عێراقی و پێشمەرگە بە هەماهەنگییەكی بێ وێنە سەركەوتووانە شەڕی تیرۆر دەكەن و ئەو ناوچانە ئازاد دەكەن كە سوپا و جەنەڕاڵە ترسنۆكەكانی مالیكی پێشكەشی داعشیان كردبوو. داخی مالیكی ئەوەیە كە پێشمەرگە و سوپای عێراق هاوسەنگەرن و سەركەتوون لەشەڕی تیرۆردا. لە ئێرەیی و بێچارەییدا وەك ئەو ورچە بریندارەی لێهاتووە گاز لە برینی خۆی دەگرێ.

مالیكی لە قسەكانیدا باسی سنووری كوردستان و پارتی و پێشمەرگەی كردووە، با لەوە دڵنیایی بكەین كە سنووری كوردستان ئەو سنوورە نییە كە سەدام و مالیكی دیاریی دەكەن. سنووری كوردستان ئەو سنوورەیە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی لەدەستی داعش ڕزگاری كردووە و جێگیریش دەبێت. هەروەها با باشیش بزانێت لەبەرانبەر ئیرادەی كوردستان و پێشمەرگە و پارتی هیچی لەدەست ناهێت جگە لەسەرشۆڕی. مالیكی خەونی دووبارە حوكمكردنی عێراقی هەیە، مەحاڵە بتوانی جارێكی تر حوكمی عێراق بكات و ئەگەر بۆی ڕەخسا و دووبارە دەستەڵاتی لە عێراق گرتە دەست ئەوە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ و بۆی نییە حوكمی كوردستان بكات.

لە كۆتاییدا دەڵێین ئەگەر مالیكی تۆزێ ئابڕوی هەبا لە شاشەكان دەرنەدەكەوت كە قسە لەبارەی موسڵ و ئازادكردنی بكات.

گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان