خوشكه‌زاى سه‌ركرده‌يه‌كى فه‌له‌ستينى ده‌بێته مه‌سيحى و گۆرانى بۆ ئيسرائيل ده‌ڵێت
به ره‌سمى رايانگه‌ياند، ئه‌وان له ساندراى كچيان بێبهريين.
K24 – هه‌ولێر:
بنه‌ماڵه‌ى سه‌ركرده‌يه‌كى كۆچكردووى فه‌له‌ستين خۆيان له كچهكهيان ساندرا سۆلۆمۆن بێبهريكرد، به هۆى ئه‌وه‌ى ساندرا بووه‌ته مه‌سيحى و گۆرانى بۆ خۆشه‌ويستى ئيسرائيل گوتووه.
بنه‌ماڵه‌ى صهخهر حه‌به‌شى فه‌له‌ستينى به ره‌سمى رايانگه‌ياند، ئه‌وان له ساندراى كچيان بێبهريين.

له به‌ياننامه‌كه‌دا وتوويانه ساندرا به‌دواى راستيدا ناگه‌ڕێت، به‌ڵكو بۆ په‌يداكردنى پاره و ناوبانگ ئاينى خۆى له ئيسلامه‌وه گۆڕيوه بۆ مه‌سيحى، به‌ڵام به‌وه ناوبانگى ئه‌وتۆى پێ نه‌به‌خشى كه خه‌ونى پێوه ده‌بينى بۆيه په‌ناى بردووه‌ته به‌ر ئيسرائيل و له پێناو ناوبانگدا بانگه‌شه‌ى دڵسۆزى بۆ ئيسرائيل ده‌كات.
هه‌روه‌ها له به‌ياننامه‌كه‌دا وتويانه: ئيسرائيل ئامانجى خۆى هه‌بووه له داڵده‌دان و بايه‌خدان به ساندرا له‌به‌ر ناوى صهخهر حه‌به‌ش كه هه‌موو ژيانى له پێناو فه‌له‌ستين به‌سه‌ر برد و شه‌ڕى بۆ ميلهتهكهى كرد و جوانترين شيعر و باش‌ترين كتێبى سياسى له باره‌وه نووسى و قهڵهمهكهى خستبووه خزمه‌تى ميلهتهكهى.

كه‌ناڵى دووى ته‌له‌فزيۆنى ئيسرائيل، له راپۆرتێكدا باسى ساندراى 38 ساڵى كرد، كه له رامه‌ڵڵا له‌دايكبووه و له عه‌ره‌بستان خوێندوويه‌تى پێش ئه‌وه‌ى رووبكاته كه‌نه‌دا و ببێته مه‌سيحى.
ساندرا كچى خوشكى صهخهر حه‌به‌شى يه‌كێك له سه‌ركرده‌كانى رێكخراوى رزگاريخوازى فه‌له‌ستينى و بزووتنه‌وه‌ى رزگارى نيشتيمانى فه‌له‌ستين ناسراو به فه‌تحه و له كه‌سانى نزيكى ياسر عه‌ره‌فات بووه.

ساندرا له راپۆرته تهلهفزيۆنييهكهدا باسى له‌وه كردووه، ئه‌و له ماڵێكدا ژياوه كه رقيان له جوله‌كه بووه و ستايشى هيتلهريان كردووه هه‌ر بۆيه داواى لێبوردن له هه‌ر جولهكهيهك ده‌كه‌م كه رۆژێك له رۆژان قسه‌م پێيان وتبێت.
ساندرا به كراسێكى چنراو له ئاڵاى ئيسرائيل قسه‌يكرد و ناوى ئيسرائيلى به عيبرى له‌سه‌ر پشتى به تاتۆ نووسيوه.
له به‌شێكى ديكه‌ى قسه‌كانيدا ئه‌و كچه ئاواتى خواستووه رۆژێك له رۆژان سه‌ردانى ئيسرائيل بكات.