به‌ ڤیدیۆ... مۆرینهۆ بچووك بناسه‌، جیهانی سه‌رسام كردووه‌

یه‌كه‌م كه‌سه‌ ته‌مه‌ن 29 ساڵ بێت و راهێنه‌رایه‌تی یانه‌یه‌كی بۆندزلیگا بكات

ئه‌م پیاوە یەکێک نییە لە یاریزانەکانی یانەی هۆفینهایمی ئەڵمانی، بەڵکو ئەمە (یۆلیان ناگلیزمان)ـی راهێنەری یانەکەیە و گەنجترین راهێنەرە لە مێژووی بۆندزلیگا و یه‌كه‌م كه‌سیشه‌ راهێنەرایەتی یانەیەکی خولەکە بکات و تەمەنی لە ٢٩ ساڵ تێپەڕی نه‌كردبێت.

ناگلیزمان لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٧ـە و لە سەرەتای ئەمساڵ ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هۆفینهایمی گرتە دەست، کە پێشتر وەکو یاریدەدەری راهێنەر لە یانەکە کاری دەکرد و راهێنەرایەتی تیپەکانی خوار ١٦ ساڵان و ١٩ ساڵانی هۆفینهایمیشی کردووە و ئەم وەرزە بەهۆی تەمەنە بچووکەکەی و ئەنجامە گەورەکانی سەرنجی زۆربەی میدیاکانی ئەورووپای بۆ لای خۆی راکێشاوە.

یۆلیان بە مۆرینهۆی بچووک ناوزەد دەکرێت، ئەو راهێنەرە لاوە ئەڵمانییە لەم وەرزە هیچ خولەکێک یاریی بە ژیلوان حەمەدی یاریزانی کوردی یانەکەی نەکردووە، بەڵام لە کۆی ١٠ گەڕی بۆندزلیگا پێنج سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و پێنج یاریش بەرامبەر بووە، کە دوایینیان بەرامبەر بایرن میونشن بوو، بە گۆڵێک لەگەڵ تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی یەکسان بوو و بە بەدەستهێنانی خاڵێکەوە لە یاریگەی ئالیانز ئاریناوە گەڕایەوە.

گەرچی ناگلیزمان لە سەردەم یاریکردنیدا بەختی نەبوو و بەهۆی پێکانی ئەژنۆیەوە لە تەمەنی ١٨ ساڵی وازی لە یاریکردن هێنا، بەڵام لە تەمەنی ١٩ ساڵی دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کرد و ٨ ساڵە لەسەر ئاستی تیپە جیاوازەکان راهێنەرە و خەریکە لە کاری راهێنەرایەتی مێژوویەکی مەزن دەنووسێتەوە و لەم وەرزە تاکو ئێستا لە هیچ یارییەک نەدۆڕاوە و بە کۆکردنەوەی ٢٠ خاڵ لە پلەی سێیەم دێت و بە گوتەی خۆی چاوی لەوەیە یانەکە بگەیەنێتە چامپیۆنزلیگ.