زۆرترین زانیاری له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ده‌ستنیشان كردنی باشترین یاریزانی جیهان بزانه‌

لە مانگی داھاتوودا باشترین یاریزانی جیھان بۆ ساڵی ٢٠١٦ دیاریدەکرێت، بەڵام ئەمساڵ جیاوازە و ھەریەکە لە فیفا و فرانس فوتبۆڵ بە جیا خەڵاتیان دەبێت، بۆ نمونە دەکرێت مێسی و كریستیانۆ ھەردووکیان ببنە باشترین یاریزانی جیھان.

خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی (باڵۆن دۆر) لە ساڵی ١٩٥٦ـەوە بەردەوامە و دەدرایە باشترین یاریزانی ئەورووپا، دواتر خەڵاتەکە بۆ ھەموو جیھان بوو، لە ساڵی ١٩٩١ـەوە فیفاش خەڵاتێکی دانا بۆ باشترین یاریزانی جیھان، تا لە ساڵی ٢٠١٠ ھەردوو خەڵاتەکەی فیفا و فرانس فوتبۆڵ بوون بە یەک خەڵات و ماوەی 6 ساڵ پێکەوەبوون کە مێسی چوار جار و كریستیانۆش ٢ جار خەڵاتەکەیان بردەوە، لەمساڵیشدا گۆڕانکاریەکی تر دەبینین و ھەردوو خەڵاتەکە لێک جیادەبنەوە.

 

چۆن دیاری دەکرێت؟

تۆپی ئاڵتونی (باڵۆن دۆر): گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ئاشکرای کردووە کە  بەپێی سیستەمە کۆنەکە و بە دەنگی رۆژنامەنوسان لە سەرانسەری جیھان باشترین ھەڵدەبژێردرێت.

زەبێست (باشترینی فیفا): ئەم خەڵاتەش کە لەلایەن فیفاوە بە باشترین یاریزانی ساڵ دەدرێت، لە %٥٠ـی بە دەنگی کاپتن و راھێنەرانی ھەڵبژاردەکات دەبێت، لە %٥٠ کەش تریشی بە دەنگی ٢٠٠ رۆژنامەنوس و ھاندەرانی تۆپی پێ دەبێت لە سەرانسەری جیھان.

ئێستا ئێمە گەڕاینەوە بۆ سیستەمەکەی پێش ٢٠١٠ ئەو گلەییانە لە خەڵاتەکە لە ٦ ساڵی رابردوو ھەبوو نامێنن، ئەوە ئاشکرایە کە تۆپی ئاڵتونی لە ھەموو روویەکەوە لە خەڵاتەکەی فیفا گەورەترە، چونکە لە ساڵی ١٩٥٦ـەوە ھەیە و میکانیزمی ھەڵبژاردنەکەی زۆر راستترە کە دەنگی رۆژنامەنوسانە، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەمساڵ جیاواز دەبێت و براوەی تۆپی ئاڵتونی ئاسان نابێت بۆ ھیچ یەک لە ئەستێرەکان، لەبەرامبەردا لە گرنگی خەڵاتەکەی فیفاش کەم ناکەینەوە بەتایبەتی لەمساڵدا کە لە %٢٥ـی بەدەنگی ھاندەرانی تۆپی پێ دەبێت.

یەکگرتنی ھەردوو خەڵاتی فیفا و تۆپی ئاڵتونی لە ماوەی ٦ ساڵی رابردوودا کۆتایی ھات، بەڵام سوودی بۆ رۆناڵدۆ و مێسی ھەبوو، لەبەرامبەردا زیانی لە ویسلی شنایدەر و فرانك ریبیریدا، لەوانەیە ئێوە بپرسن بۆ؟!

ئەگەر تۆپی ئاڵتونی لەسەر ھەمان سیستەم بووایە لە ساڵی ٢٠١٠ دا بە دەنگی رۆژنامەنوسان شنایدەر خەڵاتەکەی بردبووەوە، بەڵام دەنگی کاپتن و راھێنەری ھەڵبژاردەکان باڵانسەکەی گۆڕی بۆ لای مێسی، لە ساڵی ٢٠١٣ شدا بەھەمان شێوە بوو، بەدەنگی رۆژنامەنووسان رێبیری لەپێشەوەبوو، بەڵام کاپتن و راھێنەری ھەڵبژاردەکان باڵانسەکەیان بەلای كریستیانۆ گۆڕی، لەم ساڵەوە تەنھا رۆژنامەنووسان کاریگەری بۆ تۆپی ئاڵتونی ھەیە و بابزانین چی دەبینین.

لە ١٣ـی مانگی داھاتوو براوەی تۆپی ئاڵتونی لەلایەن فرانس فوتبۆڵەوە ئاشکرا دەکرێت، بەڵام خەڵاتەکەی فیفا لە ٢ـی مانگی داھاتوو ناوەی ٣ پاڵێوراوی کۆتاییی ئاشکرا دەکەن و لە ٩ـی مانگی یەکی ساڵی نوێ براوەکە لە ئاھەنگێکدا دیاری دەکرێت.

لە کۆتاییدا ئەگەری ھەیە کە چۆن لە ٢٠١٠ لە یەکگرتنی ھەردوو خەڵاتەکە شنایدەر لە نازناوەکە بێبەشکرا، دەکرێت لە جیابونەوەی دوو نازناوەکەش ئەستێرەیەکی تر بێبەشبکرێت! چاوەڕوانی دەستی رۆژنامەنوسانین تا دادگەری بگەڕێننەوە بۆ ئەم خەڵاتە، نەوەکو دەنگدانەکانیان لەسەر بنەمای ھاوڕێیەتی بێت وەکو ئەوەی کاپتن و راھێنەران لە ساڵانی رابردوودا دەیانکرد.

شیكردنه‌وه‌ی: چێنه‌ر عه‌بدولقادر