حكوومەتی ھەرێم وەڵامی راوێژكاری سەربازی رێبەری ئێران دەداتەوە

قسەکانی یەحیا رەحیم سەفەوی نادروست و بێنەمان، ناشتوانێ ھیچ بەڵگەیەک بۆ ڕاستیی وتەکانی بخاتەڕو

K24 – ھەولێر

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا وەڵامی راوێژکاری سەربازی سەید عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەداتەوە و رایدەگەیەنێت: "قسەکانی یەحیا رەحیم سەفەوی نادروست و بێنەمان، ھەر بۆیە ناشتوانێ ھیچ بەڵگەیەک بۆ ڕاستیی وتەکانی بخاتەڕو. تەحەددا دەکەین کە ناوبراو یەک بەڵگەی ھەبێت کە ھەرێمی کوردستان لە ھەر ڕێگەیەکەوە ھەڕەشەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دروست کردبێت".

لە راگەیاندراوەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا ھاتووە: "داوا دەکەین کە سنوورێک بۆ ئەو شێوازە قسە و ھەڕەشانە دابنرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان بەھیچ شێوەیەک ئەو جۆرە مامەڵەیە قبوڵ ناکات. ھەروەھا بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپاتیدەکەینەوە، ھەر پرسێکی ئەمنی ھەبێت وەک ئەوەی ھەردوولامان لەسەری رێککەوتووین دەبێ لەو لیژنەیەدا باسبکرێت و، بەپێی پەیوەندی و شێوازی کارکردنی دۆستانە و لەمێژینەشمان بەھیچ شێوەیەک گونجاو نییە لە رێگەی راگەیاندنەوە قسە لەگەڵ یەکتر بکەین".

دەقی راگەیاندراوی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان

یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری بەڕێز سەید عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتەیەکی ناڕێکوپێکدا، ھەندێ بۆچوونی نابەجێ لە دژی ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەخاتە ڕوو. ئەو جۆرە قسانە جگە لەوەی دەستوەردانێکی رێگەپێنەدراوی یەحیا رەحیم سەفەوین لە کاروباری ھەرێمی کوردستاندا و، لەھەمانکاتدا دەبنە ھۆی شێواندنی پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان ھەرێمی کوردستان و لایەنە کوردستانییەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەبەرئەوەش لێرەدا زۆر بەڕوونی رایدەگەیێنین کە سەرتاپای قسەکانی یەحیا رەحیم سەفەوی نادروست و بێنەمان، ھەر بۆیە ناشتوانێ ھیچ بەڵگەیەک بۆ ڕاستیی وتەکانی بخاتەڕو. تەحەددا دەکەین کە ناوبراو یەک بەڵگەی ھەبێت کە ھەرێمی کوردستان لە ھەر ڕێگەیەکەوە ھەڕەشەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دروست کردبێت.  ئەوەیش دووپات دەکەینەوە کە ئێمە بەھیچ شێوەیەک ئەو جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا لە ھیچ لایەک قبوڵ ناکەین و جێگەی داخە بەرپرسێکی وڵاتێکی دراوسێ بەم لەھجە ناشیاوە بوختان و قسەی ناڕاست ئاراستەی ھەرێمی کوردستان دەکات. ھیواداریشین ئەو قسانەی یەحیا ڕەحیم سەفەوی سیاسەتی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێت.

بنەمایەکی سەرەکیی کارکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەبوونی پەیوەندی و بەھێزکردنیان بووە لەگەڵ دراوسێیەکاندا، لەوانەیش کۆماری ئیسلامیی ئێران. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پابەندە بەوەی ھۆکارێکی سەقامگیری و دروستکردنی ئارامی بێت لە ناوچەکەدا، دوور لە دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتاندا، ئەوەش بنەمایەکی سەرەکیی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە و بەردەوامیش ئەو بنەمایە لەپەیوەندییەکانیدا دەپارێزێت.

پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بنەمای پەیوەندی لەمێژینە و ھاوکاری نێوان ھەردوولا دامەزراون. ھەردەم سوپاسی گەل و حکوومەتی ئێران دەکەین کە لە ڕۆژە سەختەکاندا دەرگەیان بەڕووی گەلەکەمان کردووەتەوە و ئەوە ھەرگیز لەبیر ناکەین. لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیش سوپاسی ھەموو ئەو دەوڵەت و دۆستانە دەکەین کە یارمەتیی پێشمەرگە و گەلی کوردستانیان داوە و لەوانەیش کۆماری ئیسلامیی ئێران. جەختیش لەوە دەکەینەوە کە پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدانی خۆی ھەولێر و کوردستانی پاراست و ئێمە قەرزاری گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی خۆمانین.

بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتەکانیشدا لیژنەیەکی باڵای ھاوبەشی ئەمنی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ھەیە، چەندین جار ھەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ھەر پرسێکی پەیوەست بە کاروباری ئەمنییەوە پێویستە لەو لیژنەیەدا باسبکرێت و لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت و چارەسەر بکرێت، لەبەرئەوەش زۆر سەیرە بەلامانەوە لەکاتێکدا کە ھیچ شتێک لەو لیژنە ھاوبەشدا باسنەکراوە، کەچی یەحیا رەحیم سەفەوی شتێکی بەوشێوەیە بەھەڕەشە و گوڕەشەوە لەبەردەم دەزگا راگەیاندنەکاندا باسدەکات. ئەوە جاری یەکەم نییە کە کەسانی وەک یەحیا رەحیم سەفەوی قسە و ھەڕەشەی بەو جۆرە دەکەن، لەبەرئەوەش داوا دەکەین کە سنوورێک بۆ ئەو شێوازە قسە و ھەڕەشانە دابنرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان بەھیچ شێوەیەک ئەو جۆرە مامەڵەیە قبوڵ ناکات. ھەروەھا بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپاتیدەکەینەوە، ھەر پرسێکی ئەمنی ھەبێت وەک ئەوەی ھەردوولامان لەسەری رێککەوتووین دەبێ لەو لیژنەیەدا باسبکرێت و، بەپێی پەیوەندی و شێوازی کارکردنی دۆستانە و لەمێژینەشمان بەھیچ شێوەیەک گونجاو نییە لە رێگەی راگەیاندنەوە قسە لەگەڵ یەکتر بکەین .

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

8 – 11 - 2016