ده‌وامی قوتابخانه‌كانی سلێمانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه
مامۆستایانی سلێمانی بایكۆتی ده‌وامییان ده‌شكێنن و واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامییان راگه‌یاند
K24 - سلێمانی:
بڕیاره مامۆستایانی ناڕازی سنووری پارێزگای سلێمانی، بایكۆتی ده‌وامم بشكێنن و رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، ده‌ست به ده‌وامی ئاسایی خۆیان له قوتابخانه‌كانی سنووری ئه‌و پارێزگایه بكه‌نه‌وه.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، رایگه‌یاند، وه‌ك نوێنه‌ری هه‌موو چین و توێژه‌كان و ده‌نگده‌رانی سنووری پارێزگاكه و ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، له باره‌ی داخستنی ده‌رگای قوتابخانه‌كان، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه ئه‌نجامداوه.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی راشیگه‌یاند، راوێژیان به به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده و كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زایان كردووه و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ژووری بارزگانی سلێمانی، هه‌وڵده‌ده‌ن له داهاتوودا بڕێك هاوكاری، بۆ مامۆستایان دابین بكه‌ن.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، رای هه‌موو لایه‌نه‌كانییان وه‌رگرتووه و هیچ كه‌سێك نه‌ماوه ئاگادار نه‌بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش خه‌مخۆری خۆیان بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده نیشانداوه.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی رایگه‌یاند، به سێ چه‌شن مامۆستایان دابه‌شكراون بۆ پێدانی بڕێك هاوكاری به بڕی (50 - 75 - 100) دۆلار ده‌درێت به مامۆستان و گوتی: "له‌مه‌ودوا بایكۆتكردن ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی هانییان ده‌ده‌ن".
هه‌روه‌ها گوتی: "له شه‌ممه‌وه لیستی ئاماده‌بوونی مامۆستایان وه‌رده‌گیرێت و رێكاری پێویست ده‌گرێته‌به‌ر و ئه‌وانه‌ی ده‌وام ناكه‌ن هاوكارییه‌كانییان ده‌درێته به‌و مامۆستایانه‌ی ده‌وام ده‌كه‌ن".