كەنەدا ئامادەیە راستەوخۆ چەك بداتە پێشمەرگە

K24 - ھەولێر

حکوومەتی کەنەدا رایگەیاند ئامادەیە چەک و تەقەمەنی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ ھێزی پێشمەرگە رەوانە بکات، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھێشتا حکوومەتی عێراقی رەزامەندی لەسەر ئەو ھاوکارییە راستەوخۆییە نەداوە، کەنەدا ھاوکارییەکانی راگرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای کەنەدا، جەستن تڕودۆی سەرۆک وەزیرانی کەنەدی، لەمانگی شوباتی رابردووەوە، رایگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن راستەوخۆ ھاوکاری سەربازی ھێزی پێشمەرگە بکەن، بەڵام بەرپرسانی کەنەدی ئەم ھەفتەیە ئاشکرایان کردووە ئەو پلانەی حکوومەتەکەیان بەھۆی نەدانی رەزامەندی حکومەتی بەغدا، راگیراوە و جارێش نازانن، ئەو ھاوکارییە راستەوخۆیە بۆ کورد كەی دەست پێدەکات.

کەنەدا یەکێک لەو چەندین وڵاتی زلھێزەی رۆژئاوا کە ئامادەەی خۆیان دەربڕیووە بەرامبەر بە دابینکردنی ھاوکاریی سەربازی بە ھێزی پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش، بەڵام تا ئێستا بەغدا تەنیا ھەوڵیداوە لەرێگەی خۆیەوە ئەو ھاوکاریانە بگاتە دەست حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.