راگه‌یه‌ندراوێك له ناوه‌ندی بڕیاره‌وه
چوار داواكاری ئاراسته‌ی "جه‌مار" ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
باڵی "ناوه‌ندی بڕیار"ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كه له 1ی ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ری ئه‌مساڵ، به سه‌رپه‌رشتی جێگرانی سكرتێری گشتی ئه‌و حزبه راگه‌یه‌ندرا، ئه‌مڕۆ 18ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ر راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوكرده‌وه و تێیدا هاتووه: "وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه سه‌ركه‌وتوو بێت و ئیداره و حوكمڕانی ناوچه‌كانی سلێمانی و گه‌رمیان و كه‌ركووكیش نه‌یتوانیوه سه‌ركه‌وتووبێت له چاره‌سه‌ركردنی باری ئابووری و دابینكردنی لایه‌نی كه‌می ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دا".
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه: "گوشار به‌رینه سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانی، تا به‌رز ببنه‌وه بۆ ئاستی به‌رژه‌وه‌ندییه بالاَكانی گه‌له‌كه‌مان و هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌یه‌كتر بچنه پێشه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ی بالاَی كورد و كوردستان و ئایندهی نه‌گۆڕنه‌وه به شتی بچكۆڵهو بیانووی نابه‌جێ و پێكه‌وه ناوماڵی كورد رێكخه‌ن و كۆمه‌ڵ و نیشتمانه‌كه‌مان بخه‌نه‌سه‌ر شاڕێی بۆ پێشه‌وه‌چوون و گه‌شه‌كردن".
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه:
هاوولاَتیانی خۆشه‌ویست...
هه‌موو ئه‌زانن كه جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان و هه‌رێمی كوردستان له هه‌لومه‌رجێكی ناسك و سه‌خت و دژواردایه. خه‌ڵكی له ناخۆشترین باری ژیان و گوزه‌راندا به‌بێ مووچه به بارێكی ئابووری و سیاسی پڕ له ته‌م و مژدا تێپه‌ڕ ئه‌كات. مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كۆمه‌ڵ و هه‌رێمه‌كه‌شمان تا دێت به ئاقارێكی خراپ‌دا ئه‌ڕوات به‌جۆرێ:
1- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له به‌شداری و به‌رپرسیاری هه‌موو حزبه‌كانی كوردستانه‌وه تا ئه‌مڕۆ نه‌یتوانیوه سه‌ركه‌وتوو بێت له جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌یه‌كی دروست بۆ چاره‌سه‌ركردنی باری ئابووری و ژیان و گوزه‌رانی جه‌ماوه‌ر.
2- حزب و لایه‌نه‌كانی باشووری كوردستان نه‌یانتوانیوه سه‌ركه‌وتووبن له قبوڵكردنی یه‌كتری و چاره‌سه‌ری گرێ و گوڵه‌كان و رێكخستنی ناوماڵی كوردی دا.
3- شه‌ڕێكی ترسناك، له هێزێكی ره‌شی داعشه‌وه، ماوه‌یه‌كی زۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان و هه‌رێمی كوردستان پێكهێناوه و هێزی پێشمه‌رگه‌ی خستۆته سه‌نگه‌رێكی خوێن له‌به‌ر رۆیشتنی به‌رده‌وام كه له‌لایه‌ك ئه‌و هێزه قاره‌مانه‌ی پێشمه‌رگه توانیویه‌تی سه‌روه‌ری گه‌وره له‌به‌گژداچوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆرستان له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌ده‌ست بهێنێ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه سه‌دان رۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌مان ببنه قوربانییه‌كه‌ی و هێنده‌ی تریش باری ئابووری سه‌ختتر و خراپتر بكات.
4- حكومه‌تی به‌غداش، هێشتا هه‌ر به چاوی هه‌ویه‌و نادۆستانه ته‌ماشای هه‌رێمی كوردستان و مافی گه‌له‌كه‌مان له سنووره‌كانیدا ئه‌كات و نه‌ك هه‌ر رازی نابێت ناوچه دابڕێنراوه‌كانی كوردستان بۆ هه‌رێم بگێڕێته‌وه، به‌ڵكه به شێوه‌یه‌كی عادیلانه‌ش كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و گه‌له‌كه‌مان چاره‌سه‌ر ناكات و به بڕینی مووچه‌و به‌شه بودجه‌ی خۆی سزای گه‌له‌كه‌مان ئه‌دات.
5- نه‌ته‌وه‌كه‌مان له پارچه‌كانی تری كوردستان و تێكۆشه‌ره‌كانی كه‌وتوونه‌ته به‌ر شالاَوی په‌لاماردان و گرتن و كوشتن و تیرۆركردنی گیانی دیموكراسی.
6- وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه سه‌ركه‌وتوو بێت و ئیداره و حوكمڕانی ناوچه‌كانی سلێمانی و گه‌رمیان و كه‌ركووكیش نه‌یتوانیوه سه‌ركه‌وتووبێت له چاره‌سه‌ركردنی باری ئابووری و دابینكردنی لایه‌نی كه‌می ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دا.
له‌به‌ر رۆشنایی راستییه‌كانی ئه‌و واقیعه‌ی كوردستاندا، ئێمه به هه‌موو توانا خه‌بات ئه‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو گرفته‌كانی ئه‌و هه‌لومه‌رجه و له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه دابینكردنی مووچه‌و ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی و چاره‌سه‌ركردنی باری ئابووری. هه‌موو داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌شمان بۆ مافه ره‌واكانی خۆیان له دابینكردنی ژیان و گوزه‌راندا به‌ڕه‌وا و ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێم و حزبه سیاسییه ناتهباكان ده‌زانین و به هه‌موو توانا له‌ته‌ك داواكانی جه‌ماوه‌ردا ئه‌وه‌ستین.
بهلاَم له‌گه‌ڵ ئه‌و راستیانه‌دا داوا له جه‌ماوه‌ری هوشیاری گه‌ل و رێكخراوه ناحكومییه‌كان و رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كه‌ین كه به‌رپرسانه له خۆپێشاندان و مانگرتن و ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییدا خۆ له توندوتیژی به‌دوور بگرن و بوار نه‌ده‌ن ده‌ستی تێكده‌ری ئه‌م لاولا ناڕه‌زاییه‌كانی جه‌ماوه‌ر بۆ مه‌رامه‌كانی خۆیان بقۆزنه‌وه‌و به‌لاڕێ و ئاقاری خراپ‌دا به‌رن و به‌وپه‌ڕی هوشیارییه‌وه رێگه‌ی و شێوازی ده‌ربڕینی ناره‌زایی له چوارچێوه‌یه‌كی شارستانی و مه‌ده‌نیدا ئاراسته بكه‌ن.
هاوولاَتیانی به‌ڕێز...
با پێكه‌وه له‌گه‌ڵ (ناوه‌ندی بڕیار)ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به خه‌باتی سیاسی هێمن و شارستانی ده‌ست له‌ناو ده‌ست به هه‌موو توانا هه‌وڵ بده‌ین:
1- گۆڕانكاری له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌دی بهێنین و له‌سه‌ر رێبازی ریفۆرم و چاره‌سه‌ری سیاسی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم به حكومه‌تێكی به‌تواناتر بگۆڕین.
2- داهاتی كوردستان له هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی داهات به نه‌وت و غازه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ركه‌زی هۆشیارانه‌و دوور له دزه‌كردنی به‌شێكی به‌ملاو لادا له‌لایه‌ن ئه‌و حكومه‌ته نوێیه‌وه كۆبكرێته‌وه‌و عادیلانه بۆ ژیان و گوزه‌ران و پێشكه‌وتنی وولاَتهكهمان به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف خه‌رج بكرێت.
3- ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان له فیدرالی و هه‌نگاوه‌كانیدا بپارێزین، و بوار به‌و ئاراستانه نه‌ده‌ین كه هه‌رێمی كوردستان و فیدرالی كه‌رت و په‌رت بكات، پارچه پارچه و پارێزگا به پارێزگا به به‌غدایه‌وه ببه‌ستێته‌وه.
4- گوشار به‌رینه سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانی، تا به‌رز ببنه‌وه بۆ ئاستی به‌رژه‌وه‌ندییه بالاَكانی گه‌له‌كه‌مان و هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌یه‌كتر بچنه پێشه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ی بالاَی كورد و كوردستان و ئایندهی نه‌گۆڕنه‌وه به شتی بچكۆڵهو بیانووی نابه‌جێ و پێكه‌وه ناوماڵی كورد رێكخه‌ن و كۆمه‌ڵ و نیشتمانه‌كه‌مان بخه‌نه‌سه‌ر شاڕێی بۆ پێشه‌وه‌چوون و گه‌شه‌كردن.
هه‌ق وایه حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ژیانی خه‌ڵكی و باری ئابووری و خواسته‌كانی كورد و كوردستانی له ئاینده‌یه‌كی رووناكتردا، ره‌نج و خوێنی شه‌هیدانی هێزی پێشمه‌رگه له پاراستنی گه‌ل و وولاَتدا گه‌وره بگرن. له‌به‌ر ئه‌وانه هه‌موو سه‌ری رێز دانه‌واندنی و قبوڵكردنی یه‌كتر بخه‌نه جێگه‌ی سووكایه‌تی كردن به یه‌كتر و به پیرۆزییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.
ناوه‌ندی بڕیاری
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
18/11/2016