ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ داوادەکەن پێشمەرگە لە ناوچەکانیان بمێنەوە

"نامانەوێ بگەڕێنەوە سەر حکومەتی عێراق"

K24 - ھەولێر

ھۆزەکانی مووسڵ لە بەیاننامەیەک رادەگەیەنێن کە ئەوان 100 ھەزار واژوویان کۆکردوەتەوە کە داوا دەکەن ببنە بەشێک لە ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە لە ناوچە تازە رزگارکراوەکان نەکشێتەوە.

لە راگەیاندراوێکی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵدا ھاتووە، ئەو ناوچانەی کە پێشووتر بە ناوچە کێشە لەسەرەکان ناونرابوون دوای ئازادکرنیان لە لایەن پێشمەرگەوە ناوچەی کوردستانین و بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکان رزگارکراون، ئێمە وەکو ھۆزە عەرەبەکان لەو ناوچانە قەبووڵ ناکەین بگەڕێینەوە سەر حکوومەتی ناوەندی.

ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ ھەروەھا لێدوانەکانی ساڵح موتلەگ رەتدەکەنەوە و بە پیاوی مالکی و  سیاسیەکانی سەر بەوان ناودەبەن و دەڵێن، ھێزەکانی پێشمەرگە ماڵ و موڵکی عەرەبەکانی پاراستووە و ئێمە بەشێکین لە گەلی کوردستان و سەرۆک بارزانی بە رێبەر و سەرۆکی خۆمان دەزانین و دژی ھەر لایەک رادەوستین کە ھەوڵبدات ناکۆکی بخاتە نێوان کورد و عەرەب.