كونسوڵى گشتى ليبيا بۆ دڵنيابوون له‌ سه‌لامه‌تى تيمى كوردستان 24 له‌ به‌غداوه‌ گه‌ڕايه‌وه‌ ته‌رابلووس

به‌شير به‌هڵوڵى كونسوڵى گشتى ليبيا له‌ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ ره‌وشى تيمى ميديايى كوردستان 24 گه‌ڕايه‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى

K24 – هه‌ولێر:

به‌شير به‌هڵوڵى كونسوڵى گشتى ليبيا له‌ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ ره‌وشى تيمى ميديايى كوردستان 24 گه‌ڕايه‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى و سه‌ردانى تيمى كوردستان 24ى له‌ ليبيا كرد.

ئه‌مڕۆ دواى رزگاربوونيان تيمى ميديايى كوردستان 24 له‌ لايه‌ن حكومه‌تى ليبياوه‌ پێشوازيان لێكرا و بۆ دڵنيابوون له‌ سه‌لامه‌تى تيمه‌كه‌ش كونسوڵى گشتى ليبيا له‌ به‌غداوه‌ گه‌ڕايه‌وه‌ ته‌رابلووس.

تيمه‌كه‌ى كوردستان 24 كه‌ له‌ په‌يامنێرێك و دوو وێنه‌گر پێكهاتبوو، زياتر له‌ 30 كاتژمێر په‌يوه‌ندييان به‌ نووسينگه‌ى سه‌ره‌كى كوردستان 24ه‌وه‌ پچڕابوو‌ و دواتر ده‌ركه‌وت له‌ لايه‌ن گرووپێكى چه‌كداره‌وه‌ رفێندراوون.

جێى ئاماژه‌يه‌ ژماره‌يه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران له‌ فراكسيۆنه‌ كوردييه‌كان و چه‌ندين رێكخراوى تايبه‌ت به‌ داكۆكيكردن له‌ مافى رۆژنامه‌نووسان له‌ ئاستى ناوخۆ و جيهانييدا له‌ په‌يوه‌نديدا بوون له‌ پێناو پاراستنى ژيانى تيمه‌كه‌ى كوردستان 24 و رزگاركردنيان.

ئه‌مشه‌و، له‌ ميانى گه‌شتى هه‌واڵه‌كانى كاتژمێر 08:00ى كوردستان 24دا، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ليبيا خاليد فه‌رحات رايگه‌ياند، تيمى ميديايى كوردستان 24 به‌ هه‌ڵه‌ ده‌ستگيركرابوون و هيچ روويه‌كى تاوان له‌ ده‌ستگيركردنياندا نه‌بووه‌ و به‌ بێ هيچ به‌رامبه‌رێك ئازاد كراوون و ئێستا سه‌لامه‌تن.

به‌ هۆى رفاندنيان له‌ لايه‌ن هێزێكى چه‌كداره‌وه‌ كه‌ ئه‌و تيمه‌ ميديايه‌ى كوردستان 24 كه‌ بۆ ئاماده‌كردنى به‌رنامه‌يه‌ك چووبوونه‌ ليبيا دواى رزگاربوونيان بڕياره‌ سبه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ليبيا خاليد فه‌رحات هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه‌ هيچ په‌يوه‌ندييه‌كمان به‌ به‌رپرسانه‌وه‌ نه‌كردووه‌ و له‌ رێگه‌ى سه‌نديكاى رۆژنامه‌نووسانى عه‌ره‌به‌وه‌ پێمان راگه‌يه‌ندراوه‌ ئه‌و تيمه‌ ده‌ستگيركراوون و ئێمه‌ش هه‌وڵمان خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى ئازاد بكرێن.