قوباد تاڵه‌بانی: با لەسەر سیستەمێکی فێدراڵی و نا سێنتراڵی بۆ ناو ھەرێمی کوردستان رێكبكه‌وین
سه‌ڕه‌ڕای كێشه و قه‌یرانه‌كان ھەندێ ھەواڵی دڵخۆشکەریش ھەیە
K24 – هه‌ولێر:
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند"ئه‌گه‌ر سلێمانی نایه‌وێت له ژێر هه‌ژموونی هه‌ولێردا بژی، بابێین رێکبکەوین لەسەر سیستەمێکی فێدراڵی و نا سێنتراڵی بۆ ناو ھەرێمی کوردستان لەبری ئەو دەسەڵاتە ناوەندییەی کە ھەمانه، ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیران، دەستمان کردوە بە گفتوگۆیەکی راستەقینە لەسەر شێوازی داڕشتنەوەی سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگا‌و قەزاکان.
له میانی گوتارێكدا كه له بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ دا پێشكه‌شیكرد ئاماژه‌ی به هه‌لومه‌رجی سیاسی و كارگێڕی و سیسته‌می حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان و كێشه سه‌ره‌كییه‌كانیدا و له به‌شێكی گوتاره‌كه‌یدا بپه‌یوه‌ست به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا گووتی" منیش لەگەڵ ئەوەم کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکەین، بەڵام با جارێ کێشەکانی نێوان ھەولێر و سلێمانی چارەسەر بکەین، دوایی بێینە سەر کێشە گەورەکانی تر، ئێمە دوای ٢٥ ساڵی حکمڕانی نەمانتوانیوە فۆرمولێک بدۆزینەوە بۆ پێکەوەژیان لە ناو کوردستان چۆن دەتوانین وا بە ئاسانی لەگەڵ بەغدایا رێکەوین.
له باره‌ی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاكسازی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و قه‌یرانه‌كان،جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند"دەستمان کردوە بە بەرنامەی دەربازکردنی کوردستان لەم دۆخە نەخوازراوە , ھەوڵەکانمان بۆ چاکسازی کاڕگێری، لە بواری دارایی، لە تۆمارکردنی مووچەخۆر و نەھێشتنی دوو مووچەو سێ مووچەی نایاسایی، لە چاکسازی لە کەرتی کارەبامان دەستپێکردوە.
هه‌روه‌ها وردبینی کردنی پرۆسەی نەوت و گاز، بە بەرھەمھێنانی نەوتەوە، تا ھەناردەکردن و فرۆشتنیەوە دەستپێکراوە، لە ھەمان کاتدا، وردبینی کردنی پاڵاوگەکانی بازیان و کەڵەکیش بەردەوامە , لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و بەرھەمەکانی نەوت لە بازاڕی خۆماڵی لە لایەن ٢ کۆمپانیای ھەرەگەورەی وردبینی لە جیھاندا ئەنجام دەدرێن وردبینی دەکرێن.
قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" سه‌ڕه‌ڕای كێشه و قه‌یرانه‌كان ھەندێ ھەواڵی دڵخۆشکەریش ھەیە، کاری جدی زۆرە کە پێویستە ئەنجامی بدەین بۆیە با دووربکەوینەوە لە وتارە پڕ تەھدید و رووخێنەرەکانمان و بێین پەنجە بخەینە سەر خاڵە ناکۆکیە راستەقینەکانمان.
هه‌روه‌ها گووتی" كێشه‌كان قابیلی چاره‌سه‌رین بەڵام بۆ گەیشتن بەو رۆژگارە و زۆرێک لە چاکسازیەکانمان، پێویستمان بە پەرلەمانە. پێویستمان بە دوورکەوتنەوەیە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی رق و کینە.
جێگری سه‌رۆك وه‌زیران باسی له مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كرد به هۆی شه‌ڕی داعش و گووتی"ئەمڕۆ کوردستان خوێنی لێ ئەڕژێت و جیھان شانازی بە ھێزی پێشمەرگەو ھێزە ئەمنیەکانمانەوە دەکەن، و رۆژ لە دوای رۆژ نزیکتر دەکەوینەوە لە کۆتایی جەنگی سەنگەری لەگەڵ داعش.
بەڵام دڵنیا بن کە ئەوە کۆتایی جەنگەکە نابێت، داعش رێکخراوێکی دەرەکی نیە کە ئایدیۆلۆجیەکی بێگانەی ھێنابێت بۆ وڵاتەکە به‌ڵكو داعش لە ئەسڵدا رێکخراوێکی عێراقیە. و بەدەستھێنانی سەرکەوتنی سەربازی زۆر ئاسانتر دەبێت لەچاو بەدەست ھێنانی سەرکەوتنی جەنگی فکری لە داعش. ھەڵتەکاندنی رەگ و ریشەی ئەم رێکخراوە لە عێراق ئاسان نابێت،لە ناوبردنی ئەو تۆوانه‌ی كه داعش کە لە کوردستان چاندوونی بە گشتی پێویستی بە ستراتیژ و کاری جدیترە.