یەكگرتووی ئیسلامی: پەیامەكەی بارزانی بە ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین
"پێنج لایەنەسیاسیەکە ھەرچی زووترە گفتوگۆکانی نێوانیان دەست پێبکەنەوە"
K24 – ھەولێر
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ھەڵوێستی خۆیی لەبارەی پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد و رایدەگەیەنێت: " پەیامەكەی بارزانی بە ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین و ھیوادارین ببێتە سەرەتایەک بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی پێویست بۆ کێشە و ئاڵۆزیەکانی ھەرێم و ھەنگاوی کردارەکی بەدوا دابێت".
لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەی یەكگرتووی ئیسلامی ھاتووە: "داواکارین لە ھەموولایەک بەتایبەتی پێنج لایەنە سیاسیەکە ھەرچی زووترە گفتوگۆکانی نێوانیان دەست پێ بکەنەوە بۆ گەیشتن بە میکانیزم و چارەسەری گونجاو بۆ بەرێککردنی قۆناغەکە و رزگاکردنی ھاوڵاتیانی کوردستان".
دەقی راگەیاندراوی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
بەناوی خوای بەخشندە و میھرەبان
ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پەیامەکەی بەرێز کاک مەسعود بارزانی لە 20/11/2016 سەبارەت بە قەیرانە سیاسیەکەی ھەرێمی کوردستان بە ھەنگاوێکی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستی دەزانین و ھیوادارین ببێتە سەرەتایەک بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی پێویست بۆ کێشە و ئاڵۆزیەکانی ھەرێم و ھەنگاوی کردارەکی بەدوا دابێت .
ھەرلەم سۆنگەیەوە داواکارین لە ھەموولایەک بەتایبەتی پێنج لایەنە سیاسیەکە ھەرچی زووترە گفتوگۆکانی نێوانیان دەست پێ بکەنەوە بۆ گەیشتن بە میکانیزم و چارەسەری گونجاو بۆ بەرێککردنی قۆناغەکە و رزگاکردنی ھاوڵاتیانی کوردستان لەم نەھامەتی و خراپی باری گوزەرانەی کە پێوەی دەناڵێنین.
ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
21/11/2016