كۆمەڵی ئیسلامی: پەیامەكەی بارزانی بكەینە دەروازەیەك بۆ رزگاربوون لە قەیرانی سیاسی

كۆمەڵی ئیسلامی پێشوازی لە پەیامەكەی بارزانی دەكات

K24 – ھەولێر

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە فەرمی ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی پەیامەكی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند: "پێمان باشە پەیامەکەی کاک مەسعوود بارزانی بکەینە دەروازەیەك بۆ کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان و رزگاربوون لە قەیرانی سیاسی و یاسایی".

دوێنێ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا لەبارەی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "چارەسەری قەیرانی سیاسیی ھەرێم بەمشێوەیە دەکرێت کە حزبەکان بکەونە گفتوگۆ و پارلەمان کارا بکرێتەوە و سەرۆکایەتییەکی تازە بۆ پارلەمان ھەڵبژێردرێت. چونکە بۆ ھەموو لایەک ڕوونە، ناکرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆکایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. ھەروەھا حزبەکان لەسەر ئەوە ڕێکبکەون حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێکیش بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەتا کاتی ھەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی ئەرکی سەرۆکایەتیی ھەرێم بگرێتە ئەستۆ و، منیش بە ھەموو توانایەک یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم".

 

دەقی راگەیاندراوی ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیســـلامیی کوردستان

بسم اللە الرحمن الرحیم

ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لەم ھەلومەرجە ئاڵۆز و پڕ لە تەنگەژەو قەیرانانە، پێمان باشە پەیامەکەی کاک مەسعود بارزانی بکەینە دەروازەیەک بۆ کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان، بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ بەدەمەوەچوونی ناڕەزایەتییەکانی فەرمانبەران و ھاوڵاتیان و ڕزگاربوون لەم قەیرانە سیاسی و یاسایی و داراییەی کە ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، ئەگەر کۆبونەوەکان کرا، ئەوا ئێمە پێشنیار و قسەی خۆمان کە لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیانی کوردستانە، لە کۆبونەوەکاندا دەخەینەڕوو.

ئەنجومەنی سیاسیی/ کۆمەڵی ئیســـلامیی کوردستان

21/16/2016