گرنگە پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت

پارتێكی توركمانی پێشوازی له‌ په‌یامه‌كه‌ی بارزانی ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

پارتی چاکسازی پێشکەوتووی تورکمان دەستخۆشی له پەیامەکەی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و پێی وایە پەیامێکی گرنگ و ئیجابیه‌ و له کات و ساتی خۆیدا بوو.

له‌ راگه‌یه‌نراوی ئه‌و پارته‌ توركمانییه‌دا هاتووه‌" ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێشووتر بانگەشەیان بۆ کردبوو، ئێستا وەک پێشنیار خراوەتەبەردەمیان، بەتایبەت لەسەر گۆڕانکاری لەسەر هەرسێ پۆستە سیادیەکە، (سەرۆکایەتی هەرێم- حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان)، بۆیە گرنگە دوای پەیامەکە، موزایەداتی سیاسی رابوەستێنرێت و چیتر خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانی ململانێی سیاسی حزبەکان.

هه‌روه‌ها له‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌" ئەوەی گرنگە بەلامانەوە ئەوەیە کە دۆخی ئێستای کوردستان بەهۆی خراپی ئەدای سەرۆکایەتی پەرلەمان دروست بووە، بۆیە زۆر گرنگە پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت، دووبارە دەستەیەکی سەرۆکایەتی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرێدرێتەوە و بیر لە عەقەلیەتی رابردووی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکرێتەوە.

ئەوەشی پەیوەندی بە خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پێیمان وایە کە خەباتی بارزانی نەبەستراوەتەوە بە کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، چونکە فەرماندەیی کردنت لە ئاستی شەڕێکی گەورەی وەک داعش و بەهێزکردنی پەیوەندی وڵاتانی جیهان بە هەرێمی کوردستانەوە لە دەسکەوتی ئێوەوە تەماشادەکەین، بۆیە هیوادارین سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەست لەناو دەست کاربکەن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی کوردستان و وەلاوە نانی ناکۆکییەکانیان.