كۆسره‌ت ره‌سوڵ: داوا لە هەموو تێكۆشەرەكانی "ی.ن.ك" دەكەم پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بكەن

وه‌ڵامی په‌یامه‌كه‌ی بارزانی ده‌داته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت" داوا لە هەموو تێكۆشەرەكانی "ی.ن.ك" دەكەم كە بەهەموو توانا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی و ئابووری لە دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بكەن و ببنە هێزێكی هوشیار و دڵسۆز بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان.

كوسره‌ت ره‌سووڵ له‌و هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌" بەناوی خۆم و هەڤاڵەكانمانەوە پشتیوانی لەو هەنگاوە دەكەم و بە هەموو توانا هەوڵ دەدەین  بە ئەنجامەكانی خۆی بگات.

دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ
لەم هەلومەرجە سەختەدا كە هەرێمی كوردستان دووچاری بارێكی دژواری سیاسی و ئابووری هاتووە، رووبەڕووی مەترسی سەخت و ئەگەری جیاجیا بۆتەوە. لەم هەلومەرجەدا كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان گرفتی ژیان و گوزەرانیان رۆژ بەرۆژ ناخۆشتر ئەبێت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و حزبەكانیشی نەیانتوانیوە لەسەر پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلەكەمان و بەرژوەندییە باڵاكانی هاوكاری یەكتر بكەن.
دەستپێشخەری سەرۆك بارزانی لەرووی ئەو هەلومەرجەدا و لەرووی ئەركە گەورەكانی كورد و كوردستاندا بایەخێكی گەورەی هەیە، و دەروازەیەكی گونجاو  بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەكاتەوە، كە ئەگەر هوشیارانەو دڵسۆزانە جێبەجێ بكرێ ئەتوانێ‌ هەنگاوی باش بۆ چارەسەركردنی باری ئابووری و ژیانی خەڵك بنێت. بۆیە:
1- بەناوی خۆم و هەڤاڵەكانمانەوە پشتیوانی لەو هەنگاوە دەكەم و بە هەموو توانا هەوڵ دەدەین  بە ئەنجامەكانی خۆی بگات.
2- داوا لە هەموو تێكۆشەرەكانی "ی.ن.ك" دەكەم كە بەهەموو توانا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی و ئابووری لە دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بكەن و ببنە هێزێكی هوشیار و دڵسۆز بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان.
3- هیوادارم هەموو حزب و لایەنەكان بەگیانی لەخۆبووردن و هەست كردن بە لێپرسراوێتی مێژووییەوە هاوكاری بكەن بۆ ئەوەی ئەو دەستپێشخەرییە بكرێ بە هەنگاوی بەكار بۆ دەربازبوونی گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە ترسناكەی، كە هەموو لایەنێكی ژیانی خەڵكی كوردستانی گرتۆتەوە.
كۆسرەت رەسول عەلی
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان