بارزانی و وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامدا

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ تاووتوێكراوه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجامدا.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی سایتی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، ئاشتۆن كارته‌ر، وێڕای پیرۆزبایی له‌ سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعش، هاوكات پێزانینی خۆی بۆ هه‌ماهه‌نگی "باش و كاری هاوبه‌شی" پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق نیشانداوه‌ له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆریستان.

هەر لەم پەیوەندییەدا هەردوولا جەختیان لە بایەخ و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق بە تایبەت لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق كردەوە.

لە بەشێكی تری ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پلانی ئازادكردنی موسڵ و دەرووبەری ئاڵۆگۆڕ كرد و قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنەكە هەتا ئێستا بە سەركەوتوو وەسفكرا.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆردا پشتیوانی پێشمەرگە بوونە و هیوای سەركەوتنی یەكجارەكی لە بەرانبەر تیرۆریستان خواست.