ئەنجامی بەرەنگاربوونەوەی ھێزە ئەمنییەكان و چەند چەكدارێك لە ھەڵەبجە ئاشكرا دەكرێت
K24 - ھەولێر
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان راگەیاندراوێك لەبارەی شەڕوپێكدانی ھێزەكانی ئاسایش و ژمارەیەك چەكدار لە سنووری ھەڵەبجە بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: "دەست بەسەر چەندین پارچە چەک و بەڵگەنامەدا دەگیرێ و تەرمی تیرۆریستێک دەکەوێتە بەردەستی ھێزەکانی ئاسایش".
لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "ھەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ماوەیەکە بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە، زانیاری ئەوەیان پێگەیشتووە کە چەند چەکدارێکی نامۆ جموجوڵیان ھەیە لە سنورەکەدا و دەبینرێن، دوای کۆکردنەوەی زانیاری تەواو چاودێریکردن، بەسەرپەرشتی و ڕێنمایی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و بەھاوکاری ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، ھەڵسان بە کێوماڵکردنی سنورەکە".
دەزگای ئاسایش ئاشكرای دەكات: "لە رۆژی 19/11/2016 لە نزیک رووباری سیروان و گوندی بۆین، چەند چەکدارێک دەبینرێ و روبەڕووبوونەوە لە نێوان ھێزەکانی ئاسایش و چەکدارەکاندا روودەدات، لە ئەنجامدا دەست بەسەر شوێنی حەشارگەکەیاندا دەگیرێ و چەند تیرۆریستێک دەکوژرێن و بریندار دەکرێن و دەست بەسەر چەندین پارچە چەک و بەڵگەنامەدا دەگیرێ و تەرمی تیرۆریستێک دەکەوێتە بەردەستی ھێزەکانی ئاسایش، لەو ھەڵمەتەی ھێزەکانی ئاسایشدا سێ کارمەندی ئاسایش بریندار دەبن، خۆشبەختانە باری تەندروستیان جێگیرە".
لە راگەیاندراوەكەدا دەزگای ئاسایش دەڵێ: "دڵنیایی دەدەینە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە ھێزەکانی ئاسایش لە بەدواداچوون و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان لە دەست تیرۆریستان و دوژمنانی گەلەکەمان بەردەوام دەبین و لە داھاتوودا زانیاری زیاتر لەسەر ئەم گروپە بە بەڵگەوە بڵاودەکەینەوە".