مامۆستایەكی ئاینی لە ھەولێر كوژرا

ھێزەكانی پۆلیس لە ئەركدان بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران

K24 – ھەولێر

شەوی رابردوو تەقە لە مامۆستایەكی ئاینی شاری ھەولێر دەكرێت و دوای ئەوەی دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا گیان لە دەستدەدات، ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی ھەولێر دەستیان بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون كردووە بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران.

دكتۆر وشیار ئیسماعیل مامۆستای ئاینی مزگەوتی عومەر بندیان لە شاری ھەولێر شەوی رابردوو تەقەی لێدەكرێت، دوای ئەوەی دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا گیان لە دەستدەدات.

نەقیب ھۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "ھەموو تیمەكانی پۆلیس و ئاسایش لە ئەركدان بۆ دەستخستنی زانیاری و دەستگیركردنی ئەو تاوانبارانەی دەستیان ھەیە لە كوشتنی مامۆستا وشیار".

گوتیشی: "ئەو مامۆستا ئاینییە كەسێكی خۆشەویست بووە لەناو خەڵكی ھەولێر، بۆیە ھەموو كەس بۆی پەرۆشە، ئێمەش وەك پۆلیسی شاری ھەولێر دڵگرانین بە لە دەستدانی كەسایەتییەكی دڵسۆزی شارەكە، ئومێد دەكەین لە ماوەیەكی كەمدا زانیاری تەواومان دەستبكەوێت و ھۆكاری كوژرانی ئەو مامۆستایە ئاشكرا بكەین".